زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە پیشانگەی پزیشکی ددان لەندەن 2025 دەکات
لە ڕۆژانى (٣ و ٤/١٠/٢٠٢٥) پیشانگەى پزیشکى ددان لەندەن ٢٠٢٥ لە “ئێکسل لەندەن” بەڕێوەچوو، تیادا نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى کارایی پیشانگەکەى کرد و، چەندین دیدارى لەگەڵ نوێنەرایەتى دامەزراوە و کۆمپانیا بەشداربووەکان ئەنجامدا.
مامۆستای یاریدەدەر شوان خەیام مەعسوم، کە ئەندامی دەستەی وانەوتنەوەیە لە کۆلێژی پزیشکی ددان بە نوێنەرایەتى زانکۆی جیهان – هەولێر، بەشداری لە پیشانگەى پزیشکى ددان لەندەن ٢٠٢٥ ، کە یەکێکە لە بۆنە نێودەوڵەتییە پێشەنگەکانی بوارى پزیشکى ددان لە سەر ئاستى جیهاندا، کە تیایدا کۆمەڵێک لە ئەکادیمیستان، فێرخوازان و نوێنەرانی بوارى پزیشکی ددان لە سەرانسەری جیهان بەشدارییان کرد و، لە ڕۆژانى پیشانگەیەکەدا ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لە بوارى پزیشکى ددان کرا، هاوکات نوێترین پێشکەوتن و ئامیرەکانى بواری پزیشکی ددان نمایشکرا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان کرا و، تاوتوێى دۆزینەوەی ئەنجامەکانی توێژینەوە نوێیەکان کرا، بەتایبەت ئەوانەى گۆڕانکاری بنەڕەتیان لە لایەنى پراکتیکى بوارى پزیشکی ددان دروست کردوە.
لەو چوارچێوەیەدا، مامۆستای یاریدەدەر شوان خەیام مەعسوم بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە کۆمەڵێک وتاری پەروەردەیی، پێشکەشکردنی کلینیکی کرد بەتایبەت لە بوارەکانى پزیشکی ددانى دیجیتاڵی، ماددە جوانکاری و چاککردنەوە، چاودێری خۆپارێزی بۆ تەندروستی دەم و ددان، و نوێکارییەکانى بوارى بەڕێوەبردنی نەخۆش، هەر لە میانەى گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر یەکخستنی ئامرازە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکان وەک سیستمەکانی (CAD/CAM)و وێنەگرتنی سێ ڕەهەندی ، لەگەڵ گرنگی پەیڕەوکردنی ئەو ڕێوشوێنانەى پشت بە بەڵگە و نەخۆش لە ژینگە کلینیکییەکاندا دەبەستن.
لە پەراوێزى پیشانگەکەشدا، نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک دیدار و کۆبونەوەى لەگەڵ پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و دامەزراوە زانستیەکان و نوێنەرى کۆمپانیا بەشداربووەکان ئەنجامدا بەئامانجى سوودوەرگرتن لە ئەزمونەکانیان بۆ پێشخستنى بوارى ئەکادیمى و پەرەپێدانى زیاترى پیشەیی لە کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى مۆدێرنانە و سەردەمیانە.