زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری وۆرکشۆپی ساڵانەی ئەکادیمیای هواوی دەکات
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدانی توانای فێرخوازان و هاوشانکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاری تەکنەلۆژیای مۆدێرن، ئەکادیمیای هواوی بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان (Huawei ICT Academy) وۆرکشۆپی ساڵانەی تایبەتی لە سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر ئەنجام دا.
لەو وۆرکشۆپەدا کە نوێنەری زانکۆ هاوبەشەکانی لەگەڵ ئەکادیمیای هواوی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کۆکردەوە، تاوتوێی میکانیزم و ستراتیژیەتی نوێ بۆ بەهێزکردنی بەشداریی فێرخوازان لە خولە تایبەتمەندەکان، پرۆگرامەکانی بڕوانامەی پیشەیی، و پێشبڕکێ جیهانییەکانی هواوی کرا، هاوکات گفتوگۆکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر چۆنیەتیی زیادکردنی کاریگەریی ئەم دەرفەتانە لەسەر پەرەپێدانی کارامەیی فێرخوازان چڕکرا بووەوە.
لەو میانەیەدا، دکتۆر فیراس محەمەد زەکی سەرۆکی بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك و بەڕێوەبەری ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری کارای وۆرکشۆپەکەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکەم و تەنها زانکۆ لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بە شێوەیەکی فەرمی بابەتی “ژیری دەستکرد” (Artificial Intelligence)ی وەک ماددەیەکی بنەڕەتی لە سەرجەم ٣٠ بەشە زانستییەکەیدا جێگیر کردووە.
ئەم هەنگاوە ستراتیژییەی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وۆرکشۆپەکەدا وەک نموونەیەکی پێشەنگ لە پرۆسەی “یەکخستنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لەگەڵ خوێندنی ئەکادیمی” (Integration of Technology in Academia) ستایش کرا. بۆ ئەوەش نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر ئاماژە بەو میکانیزمە کرد، کە زانکۆکە پەیڕەوی دەکات بۆ دروستکردنی تەواوکاری (Integration) لەنێوان وانە ئەکادیمییەکان و کۆرسە پیشەییەکانی ئەکادیمیای هواوی، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی دەرچووان بە کارامەیی و زانیاریی نوێوە بچنە بازاڕی کارەوە.
بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دیدارانە کردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سیستمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان هاوشانی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهانی تەکنەلۆژیا هەنگاو دەنێت و نەوەیەکی نوێخواز و شارەزا پێدەگەیەنێت.