زانکۆی جیهان-هەولێر دووەمین خولی ڕاهێنانی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەى بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێهێنا
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (١٩/١٠/٢٠٢٣) ،لە زانکۆی جیهان-هەولێر تاقیکردنەوە کۆتای دووەمین خولی ڕاهێنانی وانەوتنەوە (پێداگۆجی) بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
تاقیکردنەوەکان پێکهاتبوون لە تاقیکردنەوەیەکى پراکتیکی بۆ بابەتی تەکنەلۆجیای پەروەردەیی، کە لە ڕۆژی دووشەممە ئەنجامدرا، هاوکات چوار تاقیکردنەوەی تیۆرییش بۆ بابەتەکانی (بەڕێوەبردنی پۆل، دەروونناسی پەروەردەیی، شێوازە مۆدێرنەکانی وانەوتنەوە و، پێوانە و هەڵسەنگاندن) ڕۆژی پێنجشەممە (١٩/١٠/٢٠٢٣) بەڕێوەچوو.
ئەم خولە لە ڕێکەوتى (٢٨/٨/٢٠٢٣) بەشێوەیەکی چڕ و پڕ دەستیپێکرد و، بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام بوو، هەفتانە سێ بابەت و، ڕۆژانە سێ کاتژمێر وانە وتنەوەی لەخۆ گرتبوو، کە بە کۆی گشتی لە (٥٤) کاتژمێر ڕاهێنان و وانە خوێند پێکهاتبوو. لەم خولەکە، بەشداربووان ئاشنای چەندین ڕاهێنانی جۆراوجۆر بوون لەوانە؛ نوێترین ستراتیژییەکانی وانە ووتنەوە و، ڕێبازە پێداگۆجیەکان و شێوازەکانی فێرکردنی هاوچەرخ، ئەوە سەرباری تیشک خستنە سەر ئەو ڕێگە و شێوازە کاریگەرییانەی، کە وادەکات فێرخوازان بەشێوەیەکی چالاک بەشداری لە پرۆسەی فێربووندا بکەن.
ئەمە دووەمین خولی ڕاهێنانە لە بوارى ڕێگەکانى وانەوتنەوە (پێداگۆجى)، کە لەلایەن زانکۆی جیهان – هەولێر بۆ مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، خولى یەکەم لە ڕێکەوتى (٢٤ی ئابی ٢٠٢٢) بەڕێوەچوو، کە تیایدا (٧٨) مامۆستای سەر بە وەزارەتی پەرەردەی هەرێمی کوردستان لێى سودمەند بوون.