زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتى خوێندنى ماستەر لە ئەورووپا بۆ دەرچوانى ڕادەگەێنێت.
لە پەراوێزى بەشداریکردنى لە کۆنفرانسى ساڵانەی دامەزراوەی (NAFSA) بۆ پەروەردە و خوێندنى باڵا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانى پرۆگرامى( RESCHIP4EU ) ئەنجامدا، بۆ بەدەستهێنانى دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر لە وڵاتانى ئەوروپا.
ئەو کۆبونەوەیە، دواى چەند هەوڵێکى پێشترى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ بەرپرسانى پرۆگرامەکە هات، لە ئەنجامدا، زانکۆی جیهان-هەولێر دواى هەنگاوێکی گرنگ بنێت و، توانى سوود لە بەرنامەی “سکۆلەرشیپى توێژینەوە بۆ پڕۆژەی یەکێتی ئەورووپا” (Research Scholarship for EU Project) وەربگرێت و، کورسى خوێندنى ماستەر بەخۆڕایی بۆ دەرچوان لە چەند بوارێکی دیاریکراودا بەدەست بهێنێت.
ئەو پرۆگرامە، کە لەلایەن یەکێتی ئەورووپا و لە چوارچێوەی “بەرنامەی ئەورووپای دیجیتاڵی” (Digital Europe Programme) پاڵپشتى دارایی دەکرێت، ئامانجی سەرکەوتنی خوێندنی باڵای یەکێتی ئەورووپایە لە بواری دیزاینی سیستمە مۆدێڕنەکان (embedded systems) بە شێوەیەکی گشتگیر، لە قۆناغی دیزاینی سیلیكۆن و دروستکردنی سیستەم-لە-چیپ (System-on-Chip) تا دەگاتە پلاتفۆرمە زیرەکەکان و ئینفۆرماتیک و سەلامەتی.
وردەکاری بەرنامەی RESCHIP4EU و تایبەتمەندییەکانی:
بەرنامەی RESCHIP4EU ماستەرێکی دوو بڕوانامەیی (Double-Degree Master’s Programme) پێشکەش دەکات و، چەندین تایبەتمەندی لەخۆدەگرێت، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن 9 دامەزراوەی خوێندنی باڵا لە 5 وڵاتی جیاوازەوە، بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا و ڕێکخراوە پیشەسازییە جیهانییەکان وەک SEMI Europe و ST Microelectronics پشتگیرى دەکرێ.
مەرجەکانی پێشکەشکردن:
بۆ پێشکەشکردن بۆ ئەم بەرنامەیە، خوازیاران پێویستە ئەم مەرجانەی خوارەوەیان تێدا بێت:
- هەڵگرى بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستی کۆمپیوتەر، ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك یان بوارە پەیوەندیدارەکان بێت.
- بڕوانامەى توانستى زمانی ئینگلیزی وەک تاقیکردنەوەکانی ( IELTS و TOEFL) هەبێ.
- نامەی پشتگیرى (Recommendation Letters)، سیڤی (CV).
- بڕوانامەی بە نمرەکان.
- دواین وادە بۆ خۆتۆمارکردن بریتییە لە ڕێکەوتى (٢/٦/٢٠٢٥).
- پێویستە خوازیاران ڕۆژى یەک شەممە کە دەکاتە ڕێکەوتى (١/٦/٢٠٢٥)، سەرجەم دۆکیۆمێنتەکانى سەرەوە (بڕوانامەى بە نمرە، توانستى زمانى ئینگلیزى، ( CV,Recommendation Letters ) لەگەڵ خۆیان بهێنن و، سەردانى بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندییە نێوەدەوڵەتیەکان لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بکەن بۆ کارئاسانى و ڕایکردنى کارەکانیان لە زوترین کاتدا.
- بۆ پێشکەشکردن کلیک لەم بەستەرە (RESCHIP4EU // EIT Digital) بکە.
بەو بۆنەیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر پیرۆزبایی هانى دەرچووان دەدات سوود لەو دەرفەتە گرنگە وەربگرن و، لە کاتى خۆیدا داواکارى پێشکەش بکەن، چونکە بەرنامەکە لەلایەن یەکێتی ئەورووپا بە شێوەیەکی (٪١٠٠) پاڵپشتی دارایی دەکرێت بۆ لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن. دوپاتیشکردەوە ئەم هەنگاوە نوێیە دەروازەیەکی گرنگە بۆ فێرخوازان و دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەورووپی لە بوارێکی زانستی پێشکەوتوودا و، بەشداری لە پێشخستنی بواری دیجیتاڵی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.