زانکۆی جیهان-هەولێر لە ڕۆژی پیشە بەشدارى لە پیشانگەیەکى زانکۆکان دەکات
بۆ گەیاندنی پەیامی زانستی و ناساندنی ئاستی بەرزی خوێندن، گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە “پیشانگەی نێودەوڵەتی زانکۆکان”دا کرد.
لەو چالاکیەدا، کە لە لایەن قوتابخانە نێودەوڵەتیی مەعاریف بە ناونیشانی “ڕۆژی پیشە” (Career Day) ڕێکخرابوو، بووە پردێکی پەیوەندی گرنگ لە نێوان ناوەندەکانی خوێندنی ئامادەیی و زانکۆ، لەو چوارچێوەیەدا گروپێک لە فێرخوازانى کۆلێژى دەرمانسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى جیلوان محەمەد حسێن بەشدارییان لە پیشانگەکەدا کرد و، تێیدا جەخت لەسەر کوالێتی خوێندن و دابینکردنی ژینگەیەکی زانستی مۆدێرن بۆ فێرخوازان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کردەوە.
هاوکات، هەریەک لە فێرخوازان (ئەسما یاسین ڕەمەزان و سەعدییە عامر ئیسماعیل) فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی کۆلێژی دەرمانسازی بە شێوەیەکی زانستی و ورد، زانیاری دەربارەی پرۆگرامەکانی خوێندن، تاقیگە پێشکەوتووەکانی کۆلێژ و بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دەرفەتەکانی کار لە دوای دەرچوون بۆ سەردانکەران و قوتابیانی ئامادەیی خستە ڕوو، ئەمەش یارمەتیدەرێکی گەورە بوو بۆ ئەوەی قوتابیانى قوتابخانەکە بتوانن لە نێوان بژاردە زۆر هەمەجۆرەکاندا باشترین بڕیار بۆ ئاییندەی ئەکادیمی خۆیان بدەن.
لەم چالاکییەدا کە زۆربەی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان تێیدا بەشدار بوون، ستاندی زانکۆی جیهان-هەولێر یەکێک بوو لە پڕسەردانکەرترین شوێنەکان. ئەمەش نیشانەی ناوبانگ و پێگەی بەهێزی ئەم زانکۆیەیە وەک دامەزراوەیەکی پێشەنگ لە پەرەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.








