زانکۆی جیهان-هەولێر مژدەیەک بۆ بەشداریکردن لە خولێکى بوارى تەندروستى و سەلامەتى و ژینگە لە زانکۆی پالاسکی چیک بۆ فێرخوازان ڕادەگەێنێت
لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی، زانکۆی جیهان-هەولێر مژدەیەک بۆ بەشداریکردنى (10) فێرخوازى بەشە ئەندازیاریی و پزیشکى وتەندروستیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە خولێکى بوارى تەندروستى و سەلامەتى و ژینگە (HSE) لە زانکۆی پالاسکی (Palacky University Olomouc) لە کۆماری چیک بۆ فێرخوازان ڕادەگەێنێت.
لە میانەى ئەو خولەدا، کە بۆ ماوەى چوار ڕۆژ لە ڕێکەوتى (٢٦/١/٢٠٢٦) تا ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠٢٦) لە بەشی جیۆلۆجی لە فاکەڵتی زانست لە ئۆلۆمۆک لە کۆماری چیک بەڕێوەدەچێ، تایبەت دەبێ بە تەندروستی و سەلامەتی و ژینگە (HSE) ، ڕۆژى یەکەم تەرخان کراوە بۆ ناساندنى تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (HSE) و گرنگییەکانی لە ئەندازیاریدا، پاشان باس لە جۆرەکانی مەترسی و هەڵسەنگاندنی مەترسی، نیشانەکانی سەلامەتی، ئامێری پاراستنی تاکەکەسی (PPE) و ڕێکارە کتوپڕەکان، سەلامەتی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئامێرەکان دەکرێ.
هاوکات لە ڕۆژى دووەمى خولەکەدا باس لە هۆشیاری سەلامەتی پیشەیی و ژینگەیی، خۆپاراستن لە ڕووداوەکانی شوێنی کار، سەلامەتی ئاگر و پلانەکانی چۆڵکردن، پیسبوونی ژینگە و کۆنترۆڵکردنی، بەڕێوەبردنی پاشماوەکان لە ئەندازیاریدا، ڕێساکانی ژینگە و بەردەوامی دەکرێ، هەروەک ڕۆژى سێیەمى خولەکەش تەرخانکراوە بۆ ژینگەى کارکردن لە تاقیگەکان، بۆ ئەو مەبەستەش تاوتوێی لایەنەکانى سەلامەتی گشتی تاقیگە، سەلامەتی کیمیایی و ڕێکارەکانی مامەڵەکردن، هەڵسەنگاندنی مەترسی و کەمکردنەوەی لە تاقیگەدا، سەلامەتی ئامێر و دامەزراوەکان دەکرێ.
دواتریش بۆ ئاشنابوون بە بە تەندروستى و سەلامەتى و ژینگەى کارکردن گەشتێکی مەیدانی بە فێرخوازان و بەشداربووان دەکرێ، لە کۆتا ڕۆژیشدا بەشداربووان ئاشناى سیستمەکانی (HSE) و وەڵامدانەوەی کتوپڕ، ڕاپۆرتکردنی ڕووداوەکان و ڕۆڵى (HSE) و، ئامادەیی کتوپڕ و فریاگوزاری سەرەتایی دەکرێن.
بۆ زانیارى زیاتر لە بارەى چۆنیەتى بەشداریکردن و شوێنى مانەوە و تێچویی بەشدارى، سەردانى ئۆفیسى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە سەرۆکایەتى زانکۆ بکەن، دواین کات بۆ پێشکەشکردنى داواکارییەکان لە ڕێگەى ئەم بەستەرە (فۆرمى بەشداریکردن لە خولى بوارى تەندروستى و سەلامەتى و ژینگە) تا ڕێکەوتى (25/11/2025) دەبێ.
بەشداریکردنى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەو خولە، لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێککەوتنامەیەکى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆی پالاسکی (Palacky University Olomouc) لە کۆماری چیک دێ، کە لە کۆتایی ساڵى (2024) لە نێوان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆر دکتۆر مددر مارتن بروكزاكا (MUDr. Martin Prochazka) سەرۆکى زانکۆی پالاسکی واژۆ کرا.




