زانکۆی جیهان-هەولێر مژدە بۆ فێرخوازانی بۆ بەشداریکردن لە خولێکى نێودەوڵەتى زانکۆی ئەبوزەبى (ISAP2026) ڕادەگەێنێت
بەڕێوەبەرایەتى ئۆفیسى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان-هەولێر مژدەی دەرفەتێکی گرنگ بۆ فێرخوازانى بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەی نێودەوڵەتی خوێندن لە دەرەوەی وڵات (ISAP2026)، کە لەلایەن زانکۆی ئەبوزەبى لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێوەدەچێ.
ئەم بەرنامەیە دەرفەتێکی ناوازە بۆ فێرخوازان دەڕەخسێنێت بۆ ئەزموونێکی ئەکادیمی و کەلتووری دەوڵەمەند لە ژینگەیەکی فرەڕەهەند و پڕ لە داهێنان، ناونیشانی بەرنامە 2nd International Study Abroad Program (ISAP2026)، ماوەی بەرنامەکە بریتیە لە 10 ڕۆژ، بە جۆرێک لە ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢٦) دەست پێ دەکات و تا ڕێکەوتى (١٣/١/٢٠٢٦) بەردەوام دەبێ.
بەرنامەکە چەندین وانە، سیمینار و گفتوگۆ لە بوار و پسپۆڕە جیاوازەکانى وەک (یاسا، ئەندازیاری، هونەر، بەڕێوبردن و زانستە مرۆڤایەتییەکان) لەخۆدەگرێت، کە لەلایەن شارەزایانی بوارەکەوە پێشکەش دەکرێن، جگە لەوەش فێرخوازان هەلی ئەوەیان دەبێت سەردانی دامەزراوە و کۆمپانیا پیشەسازییە پێشەنگەکان لە ئیمارات بکەن بۆ ئاشنابوون بە نوێترین پەرەسەندنەکان لە بوارە جیاوازەکان و، چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردە و بەڕێوەبەرى کۆمپانیا پیشەسازییەکان بکەن.
هەر لە پەراوێزى بەرنامەکەدا چالاکیی کەلتووری هەمەچەشن و گەشتە مێژووییەکان بەڕێوەدەچێ، بۆ ئاشنابوونى فێرخوازان بە کەلتوور و نەریتی ئیماراتی و دانیشتوانی ناوچەکە. هاوکات فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەتوانن لەگەڵ فێرخوازانی زانکۆی ئەبوزەبی کارلێک و گفتوگۆ بکەن، تا پێکەوە لە پرۆژە هاوبەشەکاندا بەشدارى بکەن، کە ئەزموونێکی گرنگ بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتییان پێدەبەخشێت. لە کۆتایی بەرنامەکەدا، فێرخوازە سەرکەوتووەکان بڕوانامەیەکی بەشداریکردنیان لەلایەن زانکۆی ئەبوزەبى پێشکەش دەکرێ.
دواین وادەی پێشکەشکردن: 10 تشرینی دووەمی 2025.
ڕاگەیاندنى وادەی وەرگیران: 30 تشرینی دووەمی 2025.
بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە بەرنامەکە، چۆنیەتی پێشکەشکردن و پڕۆگرامی ڕۆژانە و بڕى تێچوون، تکایە سەردانی سایتی فەرمی زانکۆی ئەبوزەبى بکەن، یان پەیوەندی بە ئۆفیسى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بکەن.




