زانکۆی جیهان هەولێر میواندارى پێشبڕکێی دادگای گریمانەیی لە یاسای نێودەوڵەتی “JESSUP” بە بەشداری 11 زانکۆی عێراق دەکات
چالاکییەکانی پێشبڕکێی دادگای گریمانەیی یاسای نێودەوڵەتی جێسپ JESSUP، کە لەلایەن سەرۆکایەتى بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕێکخرابوو، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥) کۆتایی بەکارەکانى هات. پێشبڕکێکە سێ ڕۆژەى خایاند و (١١) زانکۆ لە شارە جیاوازەکانى عێراقی بەشدارییان تێدا کرد.
خولی ناوخۆیی پێشبڕکێکە لە زانکۆی جیهان هەولێر بەڕێوەچوو و، لە لایەن کۆمەڵێک دادوەری پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی کرا، لە ڕۆژانى پێشبڕکێیەکەدا تیمەکانی زانکۆ جیاوازەکانی عێراق بە ئارگیومێنتی یاسایی لە چوارچێوەی دۆسیە یاساییە گریمانەییەکاندا بۆچونەکانیان خستەڕوو، لە کۆتایی پێشبڕکێیەکەدا و لە مەراسیمێکى تایبەتدا دادوەرانی بەشداربوو لەم چالاکییەدا ڕێزلێنانى تایبەتاین پێشکەشکرا، کە ڕۆڵێکى بەرچاویان لە سەرکەوتنی پێشبڕکێکەدا بینى، هاوکات هەروەها ڕێز لە تیمی براوە نرا، کە زۆرترین نمرەی لە داوای یاساییدا بەدەستهێنا بوو، ئەوەش لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بابەتى دییاریکراوى و پەیوەست بە دادگای نێودەوڵەتی. هەر لە ڕۆژى مەراسیمى کۆتایی پێشبڕکێیەکەدا تیپی براوە ڕاگەیەندرا و دەرفەتێکی بەنرخیان بۆ بەشداریکردن لە قۆناغی نێودەوڵەتی پێشبڕکێکە لە واشنتۆنی ئەمریکا بەدەستهێنا.
بەو بۆنەیەوە دکتۆر عومەر زوبێر زاهیر، سەرۆکى بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر وتەیەکى پێشکەش کرد و، شانازیی زانکۆکەى بە ڕێکخستنی ئەم بۆنە گرنگە دەربڕی، وتیشى ڕێکخستن و میوانداریکردنى ئەم پێشبڕکێیە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی زانکۆی جیهان-هەولێرە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی بەرز بۆ فێرخوازان لە بوارە جیاوازەکان، هەروەک هانیان دەدات بۆ سەرکەوتن و داهێنان لە بوارەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا.
پێشبڕکێی JESSUP یەکێکە لە گەورەترین پێشبڕکێ یاساییەکان لە جیهاندا، و ئامانجی پەرەپێدانی کارامەیی یاسایی و توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە چارەسەرکردنی پرسە نێودەوڵەتییەکان و، ئاشناکردنیان بە چۆنیەتی پێشکەشکردنی ئامۆژگاری یاسایی لە چوارچێوەی یاسا ئاڵۆزەکانی جیهانیدا. .