زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی پلیمۆس ڕێککەوتننامەیەکی لێکگەیشتنی ئەکادیمی (MOU) واژۆ دەکەن
لە هەنگاوێکی گرنگدا بەرەو پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی، زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی پلیمۆس (Plymouth) لە شانشینی یەکگرتوو، ڕێککەوتننامەیەکی لێکگەیشتن (Memorandum of Understanding – MOU) یان واژۆ کرد.
ئەم ڕێککەوتنە، كە لە نێوان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆر کریستۆفەر فۆگویل (Christopher Fogwill)، ڕاگری جێبەجێکاری فاکەڵتیی زانست و ئەندازیاری، و پرۆفیسۆر دافید مۆر(Dafydd Moore)، جێگری باڵای ڕاگری زانکۆ (Senior Deputy Vice-Chancellor) لە زانکۆی پلیمۆس واژۆ کرا، جەخت لە پەرەپێدانى هاوکارییەکی بەردەوام و قووڵ لە بوارە ئەکادیمییە جیاوازەکانى نێوان هەردوو زانکۆکە دەکاتەوە.
وەک لە خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە، هاوکاری لە پەرەپێدانی بەخشینى بڕوانامەی هاوبەش، خوێندنى باڵا و، بڕوانامەی پیشەیی لەو بوارانەدا کە هەردوو لایەن ڕێکدەکەون تەئکیدى لەسەر کراوەتەوە، هاوکات ئاڵوگۆڕى فێرخوازان لە نێوان هەردوو زانکۆ و،سوود وەرگرتنى مامۆستایان لە ئەزمونى یەکتر خاڵێکى دیکەى ڕێکەوتنامەکەیە. هەر بەپێى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکە، هەردوو زانکۆکە کار بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکان بۆ زیاترکردنی تێگەیشتنی کەلتووری و ئەکادیمی لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا دەڕخسێنن.
ڕێککەوتنامەکە پاش چەندین کۆبونەوەى هاوبەش لە نێوان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم یاریدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى زانستى و، دکتۆر ساڵح مستەفا زێبارى بەڕێوەبەرى ئۆفیسى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆر بۆگدان جیتا (Bogdan Ghita)، ڕاگری هاوبەشی نێودەوڵەتی و دکتۆر شەیما الجبوری (Shaymaa Al-juboori)، مامۆستای ئاسایشی ئەلیکترۆنی، قوتابخانەی ئەندازیاری و کۆمپیوتەر و بیرکاری (فاکەڵتی زانست و ئەندازیاری) لە زانکۆى پلیمۆس دێ. ڕێکەوتنامەکەش دەبێتە خاڵێکى وەچەرخانى گرنگ بۆ فروانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆ پلیمۆس لە بەریتانیا.




