زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی Westcliffی ئەمریکی بەرەو پتەوکردنی هاوبەشیی ئەکادیمی هەنگاو دەنێن
لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ فراوانکردنی بازنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و بنیاتنانی پردی ئەکادیمی لەگەڵ دامەزراوە زانستییە پێشەنگەکانی جیهان، زنجیرەیەک گفتوگۆی ئۆنلاینی ستراتیژی لەنێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی وێستکلیف (Westcliff University) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
لەو دیدارانەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد کاکەیی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ کاروباری زانستی، لەگەڵ پڕۆفیسۆر مایا ئێدمۆندس (Maia Edmunds) شیکەرەوەى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆی وێستکلیف، چەندین بابەتی گرنگیان تاوتوێ کرد کە پەیوەست بوون بە دۆزینەوەی بوارەکانی هاوکاریی هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان. گفتوگۆکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بوارەکانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش، ئاڵوگۆڕی فێرخوازان و مامۆستایان و، ڕێکخستنی وۆرکشۆپ و کۆنفرانسی هاوبەش چڕ بوونەوە.
ئەنجامی سەرکەوتووانەی ئەم گفتوگۆیانە، گەیشتن بوو بە ڕەشنووسێکی سەرەتایی بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن (Memorandum of Understanding – MoU) لەنێوان هەردوو زانکۆدا. ئەم یاداشتنامەیە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بە فەرمی واژۆ بکرێت و چەندین خاڵ و ماددەی گرنگ لەخۆ بگرێت، کە دەبنە بناغەیەک بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەن و بەرهەمدار.
پ.د. ئەیاد کاکەیی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “ئەم هەنگاوە بەشێکە لە دیدگای زانکۆکەمان بۆ بەنێودەوڵەتیکردن و دابینکردنی دەرفەتی ناوازە بۆ فێرخوازان و ستافە ئەکادیمییەکەمان. هاوکاریکردن لەگەڵ زانکۆیەکی ناسراوی وەک Westcliff دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و کەلتووری دەڕەخسێنێت و ئاستی ئەکادیمیی هەردوولامان بەرز دەکاتەوە.”
واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ لە پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر و، ڕێگە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی زانستی و پەروەردەیی هاوبەش خۆش دەکات، کە ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی کوالیتی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی پسپۆڕ و شارەزادا دەبێت.
زانکۆی وێستکلیف (Westcliff University) یەکێکە لە دامەزراوە ئەکادیمییە ناسراوەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، کە بە پەیڕەوکردنی سیستمی خوێندنی نوێگەرا و جەختکردنەوە لەسەر کارامەیی کرداری ناسراوە. ئەم زانکۆیە خاوەنی پێگەیەکی ئەکادیمیی زانستی بەهێزە، هەروەک خاوەنی متمانەی دامەزراوەی نێودەوڵەتیە لەوانە دامەزراوەی (WSCUC – WASC Senior College and University Commission)، کە یەکێکە لە بەرزترین دەستەکانی باوەڕپێکردن لە ئەمریکا. هەروەها بڕوانامە و پرۆگرامەکانی لە بواری کارگێڕی و بازرگانیدا لەلایەن ئەنجومەنی باوەڕپێکردنی قوتابخانە و پرۆگرامەکانی بزنس (ACBSP)ـەوە متمانەی نێودەوڵەتییان پێدراوە. زانکۆی وێستکلیف بە گرێدانی لایەنی تیۆری لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاری جیهانی و پێشکەشکردنی پرۆگرامی تایبەتمەند لە بوارەکانی کارگێڕی، تەکنەلۆژیا و پەروەردە، ژینگەیەکی فێربوونی دینامیکی بۆ فێرخوازانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دابین کردووە.