
زانکۆی جیهان – هەولێر پەیوەندیی و ئاستى هاوکارى ئەکادیمیی لەگەڵ زانکۆی پلیمۆسی بەریتانی پتەوتر دەکات
لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی زانکۆی جیهان – هەولێرە بە فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی پێگەکەى وەک یەکێک لە زانکۆ پێشەنگەکانی ناوچەکە، کۆبوونەوەیەکی بەشێوەى ئۆنلاین لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “زووم”ەوە لەگەڵ زانکۆی پلیمۆسی بەریتانی ئەنجامدرا. لەم کۆبوونەوەیەدا، کە بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حاز کاکەیی یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ و، سەرۆکی بەشی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکیی و، لە زانکۆی پلیمۆس-یش کە دکتۆر بۆگدان گیتا و دکتۆرە شەیما شاکر لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی پلیمۆسی بەریتانیی بەشداربوون چەندین بابەتى گرنگى نێوانیان تاوتوێ کرد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خرایە سەر ڕێگەکانی هاوکاریی ئەکادیمی و ئەنجامدانى توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆ کرا، بەجۆرێک خزمەت بە کۆمەڵگەی ئەکادیمی دەکەن و بەشدارن لە پەرەپێدانی زانست و تەکنەلۆژیادا بکات. هەروەها، جەختکرایەوە لەسەر پتەوکردنی پڕۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕی فێرخوازان و ستافی وانەوتنەوە بەمەبەستی دابینکردنی دەرفەتی پێشەنگی فێرکاری و ڕاهێنان بۆ هەردوولا. هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، گرنگی لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان بەردەم واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش خرایەڕوو، بۆ ئەوەى یاداشتەکە ببێتە هۆی پتەوکردنی زیاتری کارى هاوبەشی نێوان هەردوو زانکۆ. لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە ئەگەری داڕشتنی پڕۆگرامی فێرکاریی هاوبەش کرد کە بڕوانامەی دووانە (هاوبەش) دەبەخشن، بەجۆرێک کە ئەزموونی ئەکادیمی فێرخوازان دەوڵەمەندتر بکات و ئاسۆی پیشەیی نێودەوڵەتییان بۆ بکاتەوە. هەروەک گفتوگۆ دەربارەى هاوکاری لە بوارەکانی داهێنان، سەرکردایەتى و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە تەکنەلۆژیا نوێیەکانیش لایەنێکى دیکەى کۆبونەوەکە بوو.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا کۆمەڵێک پێشنیاز گەڵاڵە کران بۆ هەنگاونان بۆ کارەکانى داهاتووى و پتەوکردنى ئاستى پەیوەندى و هاوکارى نێوانیان.