زانکۆی جیهان-هەولێر ژووری بازرگانی و پیشەسازیی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد
لە مەراسیمێکی تایبەتدا، کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و کامەران سەڵاح سەعید، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ستراتیژییان لەنێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکیی یاداشتەکە کردنەوەی یەکەم خولی فێربوونی زمانی چینییە بۆ نزیکەی ٦٠ بازرگان و ئەندامی ژووری بازرگانی، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و ئاسانکاری بۆ کاری بازرگانی لەگەڵ وڵاتی چین.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە، ڕێکەوتى (2025/6/29) بەئامادەبوونى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و، و ژمارەیەکی بەرچاو لە بازرگانان، وەبەرهێنەران، مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆ بەڕێوەچوو، چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرا.
بەو بۆنەیەوە، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەنگاوە کرد و وتی: “زانکۆ و ژووری بازرگانی دوو جومگەی سەرەکیی ئەم وڵاتەن؛ زانکۆ کادر پەروەردە دەکات و ژووری بازرگانیش کە نوێنەرایەتی کەرتی تایبەت دەکات، زەمینەسازی دەکات بۆ ئەوەی ئەو کادرانە جێگەی کاریان ببێتەوە.”
سەرۆکی زانکۆی جیهان وتارەکەی بە بەخێرهێنانی میوانە بەڕێزەکان، بەتایبەتی دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکانی جیهان و، کامەران سەڵاح، سەرۆکی ژووری بازرگانی، دەستپێکرد و، پاشان وتی: “ئەمڕۆ دوو جومگەی سەرەکیی ئەم وڵاتە لێرە کۆبوونەتەوە. جومگەیەکیان زانکۆیە کە کلیدەری کۆمەڵگەیە و ئەرکی پەروەردەکردنی کادر و ئامادەکردنیانە. جومگەکەی دیکەش ژووری بازرگانییە کە لیدەری ئیکۆنۆمیی ئەم وڵاتەیە و زەمینەسازی بۆ کارکردنی ئەو کادرانە دەکات”، دواتر یشکی خستە سەر ئەو بۆشاییەی کە لەنێوان خوێندنی تیۆری و بازاڕی کاری کردارییدا هەیە و ڕایگەیاند: “ئێمە لێرە لە زانکۆی جیهان-هەولێر کار لەسەر ئەوە دەکەین کە کادری لێهاتوو ئامادە بکەین”، هەروەها ئاماژەی بە دامەزراندنی ئەکادیمیای پیشەیی زانکۆی جیهان کرد کە ئامانجی سەرەکیی، ڕاهێنان و پێگەیاندنی کادرە نەک تەنها بۆ خوێندکارانی زانکۆ، بەڵکو بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت تواناکانی خۆی بەرز بکاتەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بە نموونەیەکی کرداری، جیاوازیی نێوان بازرگانیی کلاسیک و مۆدێرنی ڕوونکردەوە و وتی: “ئەگەر سەیری دوکاندارێک بکەیت لە جادە، تەنها گونێی برنجەکەی داناوە. بەڵام کاتێک دەچیتە سوپەرمارکێتێکی وەک ئیمپایەر یان دریم سیتی، دەبینیت کە چۆن لێکۆڵینەوە لەسەر ڕەفتاری بەکاربەر (سلوک المستهلک) کراوە و کاڵاکان بە شێوازێکی زانستی خراونەتەڕوو.”ئەم نموونەیەی وەک هاندەرێک بۆ بازرگانان بەکارهێنا و داوای لێکردن کە “پێویستە هەموو بازرگان و سەرمایەدارێک خۆی نوێ بکاتەوە (ئەپدەیتی خۆی بکات) و تواناکانی پەرە پێبدات، چونکە هیچ شتێک لەم ژیانەدا بەبێ بنەمایەکی زانستی نییە.”
لە کۆتاییدا، دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ دووپاتی کردەوە کە زانکۆی جیهان-هەولێر بە تەواوی ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگییەک تاوەکو تواناکانی کەرتی تایبەت لەڕووی زانستییەوە بەرز بکرێتەوە و وڵاتەکەمان لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوودا بێت و چیتر پێویستی بەوە نەبێت سەرمایەدارەکانمان بۆ کارەکانیان ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ بکەن.
هەر بەو بۆنەیەوە، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکانی جیهان لە میانەى وتەیەکیدا جەختی لەسەر گرنگیی هەبوونی بنەمای زانستی بۆ هەموو کارەکان کردەوە و ڕایگەیاند: “هیچ شتێک لە ژیاندا بەبێ بنەمایەکی زانستی نییە. گەورەترین سامان لە دنیادا مێشکی مرۆڤە، نەک نەوت و تیتانیۆم. مرۆڤ خۆی هەموو شتێکی دروست کردووە.” هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە زانین لە زانکۆکانە و کارکردنیش لە ژووری بازرگانییە، وتیشی: “ئێمە باوەڕمان وایە کە تەنیا زانین و کار دەتوانن وڵات بەرەوپێش ببەن.”
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، کامەران سەڵاح سەعید، جێگری سەرۆکی ژوور، بە ناوی خۆی و ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور سوپاسی زانکۆی جیهانی کرد بۆ رەخساندنی دەرفەتی فێربوون بە خۆڕایی و هاوبەشی لەگەڵ ژوور لە ئەنجامدانی چالاکیەکان. جێگری سەرۆکی ژوور رایگەیاند؛ جێگەی خۆشحاڵیە وەکو هەنگاوی یەکەمی ئەم یاداشتە خولی فێربوونی زمانی چینی بۆ ئەندامان لە بازرگانان و پیشەوەران بەڕێوەدەچێت، بەهۆی پەیوەندیەکی بەهێزی بازرگانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان و سەردانی کردنی ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانانمان بۆ وڵاتی چین کە ژمارەیەکی زۆریان ئەم زمانە نازانن، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. وتیشی؛ ئێمە وەك ئەنجومەنی کارگێڕی و تەواوی ستافی بەڕێوەبردنی ژوور ئامادەین کە ئەوەی لە دەستمان بێت لەگەڵ زانکۆی جیهان و هەر ناوەندێکی تر دەيكەین بۆ ئەوەی مێژوویەکی جوان سەبارەت بە بەرژەوەندیەکانی ئەندامەکانمان تۆمار بکەین.
لە بەشى کۆتایی مەراسیمەکەدا، لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و کامەران سەڵاح سەعید، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و زانکۆی جیهان – هەولێر، واژووکرا. مەبەستی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە، پەرەپێدانی تواناکان و ئاڵوگۆڕی زانیارییە بە شێوەیەک کە خزمەت بە فێرخوازان و ئەندامانی ژووری بازرگانی بکات و پردێکی پتەو لەنێوان زانست و بازاڕدا دروست بکات. بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، هەردوولا کار بۆ چەندین ئامانجی ستراتیژی دەکەن، لەوانە: هاوکاریی زانستی و بازاڕی کار: ئەنجامدانی پڕۆژەی زانستی و توێژینەوەی هاوبەش کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە. پەرەپێدانی توانای مرۆییکە بریتین لە کردنەوەی خولی ڕاهێنان و بەهێزکردنی کارامەیی بۆ ئەندامانی ژووری بازرگانی، لەسەر بنەمای پێویستی و داواکاری. هەروەها ڕێکخستنی خولی تایبەت بە فێرکردنی زمانە جیهانییەکان، وەک زمانی چینی، بۆ ئەو بازرگانانەی کە کار لەگەڵ بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەکەن خاڵێکى دیکەى ڕێککەوتنامەیەکەیە، لەگەڵ کردنەوەی دەرگای ڕاهێنان و دامەزراندن بۆ فێرخوازانى زانکۆ لەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی کە ئەندامی ژووری بازرگانین. ئەوە جگە لە ڕێکخستنی کۆنفرانس، سیمینار و وۆرکشۆپی هاوبەش کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا و کۆمەڵگە بکات.