زانکۆی جیهان-هەولێر یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنى لەگەڵ سەندیکای ڕاهێنان و گەشەپێدانی عێراق واژۆ کرد
لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی فراوانکردنی هاوکاری نێوان دامەزراوە ئەکادیمی و پیشەییەکان لە عێراق، زانکۆی جیهان-هەولێر، یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنى لەگەڵ سەندیکای ڕاهێنان و گەشەپێدانی عێراق واژۆ کرد.
ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٠/٤/٢٠٢٥) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم کاکەیی یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبد الستار كريم سعيد یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایی پێشوازییان لە شاندێکى سەندیکای ڕاهێنان و گەشەپێدانی عێراق بەسەرۆکایەتى محمد سالم موسەوى نەقیبى سەندیکاکە کرد، لە دیدارێکدا کە بەئامادەبوونى مامۆستاى یاریدەدەر عومەر عادل محەمەد عەلی سەرۆکى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى پێویستى دروستکردن و بەهێزکردنى پردى پەیوەندى هاوکارى لە نێوان دامەزراوە ئەکادیمی و پیشەییەکان کرا، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد.
لە یاداشنامەکە نێوان هەریەک لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبد الستار كريم سعيد یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایی محمد سالم موسەوى نەقیبى سەندیکای ڕاهێنان و گەشەپێدانی عێراق واژۆ کرا، بەپێى یاداشتنامەکە هەردوو لا جەخت لە گرنگی کارى هاوبەشی دامەزراوەیی بۆ پشتیوانیکردن لە بەدیهێنانى ئامانجەکانى پەرەپێدانی بەردەوام، بونیاتنانی توانای مرۆیی و، بەرزکردنەوەی کارایی سەرچاوە نیشتمانییەکان کراوتتەوە، بەجۆرێک هاوتەریب بێ لەگەڵ داواکاری و ئاڵنگارییەکانى بازاڕی کار. هەر بەگوێرەی یاداشتنامەکە، زانکۆی جیهان-هەولێر میوانداری ڕێکخستنی خولی ڕاهێنان و وۆرک شۆپ دەکات، لە بەرامبەردا سەندیکاکە پرۆگرامى ڕاهێنان ئامادە دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر کارمەندی شارەزا دابین دەکات و، بڕوانامەی فەرمی، باوەڕپێکراو لەلایەن هەردوو لایەنەوە، پێشکەش بە بەشداربووانى خولەکە دەکرێ.
بەپێی یاداشتەکە، زانکۆی سیهان-هەولێر ئەم یاداشتە چوارچێوەیەک بۆ هاوکاری و کارى هاوبەش لە بوارەکانی ڕاهێنان و پەرەپێدان و، جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پەرەپێدان دیارى دەکات، بە ئامانجی بەرزکردنەوەى ئاستى لێهاتوویی پیشەیی فێرخوازان و دەرچووان و کارمەندان لە بوارى ئەکادیمی و کارگێڕی لەسەر ئاستى عێراق وهەرێمى کوردستان.
بەو جۆرەش زانکۆى جیهان-هەولێر هاوبەشی تایبەتی ئەکادیمی سەندیکایە لە ناوخۆی عێراقدا و بەرپرسیارە لە بڕوانامەی ئەکادیمی بۆ ئەو بڕوانامانەی دەردەکەن، بەمەش پێگەی فەرمی و دانپێدانراو بە دەرئەنجامی پرۆگرامەکانی ڕاهێنان دەبەخشێت.