زانکۆی جیهان – هەولێر یادی ڕۆژی جیهانیی تیشکى کردەوە و، نوێترین تەکنیکەکانى ژیری دەستکردى لە وێنەگرتنی پزیشکیدا خستەڕوو
بە چاودێری پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/١١/٢٠٢٥)، بەشی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی ئاهەنگێکی زانستیی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی تیشک ڕێکخست.
چالاکییەکە بە هاوکاری “کۆمەڵەی عێراقی بۆ فیزیای پزیشکی” و “سەندیکای کوردستانی بۆ فیزیا” و، بە پاڵپشتیی ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەتمەند، لەوانە کۆمپانیای (الإتقان) و کۆمپانیای (الحلول الطبية العراقية الذكية)، لە هۆڵی کۆنفرانسەکان و بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، وەک نوێنەری سەرۆکی زانکۆ و، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ئەکادیمی و پیشەییەکان و، ژمارەیەکى بەرچاو لەلایەن پزیشکانی تیشک، تەکنیککاران، نوێنەری کۆمپانیاکانی دابینکاری ئامێرە پزیشکییەکان و کارمەندانی ناوەندە تەندروستییەکانەوە بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە وتارێکی بەخێرهێنان لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر نەشوان کەرخی، نوێنەری کۆمەڵەی عێراقی بۆ فیزیای پزیشکی لە کوردستان دەستی پێکرد، پاشان مۆمۆستای یاریدەدەر عومەر عادل، سەرۆکی بەشی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر پابەندبوونی بەشەکە و زانکۆ کردەوە بە یادکردنەوەی ساڵانەی ئەم بۆنەیە و، کاراکردنی ڕۆڵی زانکۆ لە بڵاوکردنەوەی کەلتووری پێشکەوتنی زانستی لە بواری تیشک و تەکنۆلۆژیا نوێیەکانیدا.
هەر لە چوارچێوەى بەرنامەکانى یادەکەدا، وۆرکشۆپێک سەبارەت بە تەکنیکە نوێیەکانی “ژیژی دەستکرد – AI” لە وێنەگرتنی تیشکیدا، لەگەڵ پانێڵێکی گفتوگۆ کە تیشکی خستە سەر گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی کارمەندانی ئەم پسپۆڕییە دەبنەوە) پێشکەش کران،
بەشێکى دیکەى چالاکیەکانى یادەکە کردنەوەى پێشانگایەکی تایبەت بوو بۆ پڕۆژەکانی دەرچوونی فێرخوازانی قۆناغی چوارەم، کە تێیدا فێرخوازان نموونەی کرداریی پڕۆژەکانیان خستە ڕوو، لە میانی چالاکییەکەدا، بەشێک لە ئامادەبووان بۆچوونی ئەرێنی خۆیان دەربارەی ڕێکخستن و ناوەڕۆکی زانستیی چالاکییەکە دەربڕی.
لەو بارەیەوە مامۆستای یاریدەدەر ڕوئا عیماد حسێن، لە زانکۆی پزیشکیی هەولێر ڕایگەیاند: “چالاکییەکە لە ڕووی ناوەڕۆکی زانستییەوە دەوڵەمەند بوو، بەتایبەتی سەبارەت بە تەکنیکەکانى ژیری دەستکرد، هەروەها دکتۆر ئەحمەد زیا عەبدولوەهاب، پزیشکی پسپۆڕی تیشک وتی: “ئاهەنگەکە بە ڕێکخستن و هەمەچەشنیی تەوەرە زانستییەکانی جیاواز بوو. وۆرکشۆپە تایبەتەکە بە ژیری دەستکرد بەهایەکی بەرزی هەبوو و لەگەڵ ئاڕاستەکانی پێشکەوتنی جیهانی لە بواری تیشکدا یەکدەگرێتەوە.”
لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، بەشداربووان ستایشی ڕۆڵی پێشەنگانەی زانکۆی جیهان – هەولێریان کرد لە پاڵپشتیکردنی پسپۆڕییە زانستە پزیشکییە کردارییەکان و ڕێکخستنی چالاکیی زانستی کە دەبنە هۆی پەرەپێدانی لێهاتوویی فێرخوازان و کارمەندانی بواری وێنەگرتنی تیشکی .





