زانکۆی جیهان-هەولێر یەکەمین خولى ژیریی دەستکردى بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە کردەوە
لە هەنگاوێکی پێشەنگدا بۆ هاوشانبوونی کەرتی پەروەردە لەگەڵ نوێترین پێشهاتە تەکنەلۆژییەکان، زانکۆی جیهان-هەولێر، یەکەمین خولى ژیر دەستکردنى بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی “یەکەمین خولی ڕاهێنانی ژیریی دەستکرد و شێوازەکانی بەکارهێنانی لە کەرتی پەروەردەدا”، کە بە ئامادەبوونى دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکانی جیهان و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و، ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە هۆڵى (VIP) ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٧/٨/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکران.
د. ئەمجد سابر دەلۆ: “کارنەکردن لەسەر ژیریی دەستکرد، پاشەکشێیە“
لە وتەی دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، جەختی لە گرنگیی هاوکاریکردنی بەردەوامی نێوان زانکۆ و وەزارەتی پەروەردە کردەوە و ڕایگەیاند: ئەم خولە درێژەپێدەری ئەو ڕێککەوتننامەیەیە کە پێشتر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستایان واژۆکراوە و، بەهۆیەوە (25) مامۆستای قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی، وەک قۆناغی یەکەمی بەشدارى تێدا دەکەن.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجد سابر دەلۆ هەر لە میانەى وتەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەنگی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد لەم بوارەدا و وتی: “زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکەمین زانکۆ لەسەر ئاستی عێراق توانیویەتی ژیریی دەستکرد بخاتە نێو پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە. هەروەها یەکەمین زانکۆین لە کوردستان کە کێبڕکێیەکی تایبەت بە پڕۆژەکانی ژیریی دەستکردمان ڕاگەیاندووە و تا ئێستا (٨٩) پڕۆژەمان پێگەیشتووە و، زیاتر لە (٣٥)یان لە دەرەوەی عێراقەوە بوون”.
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ئەو بۆچوونەی ڕەتکردەوە، کە پێى وایە ژیریی دەستکرد هەلی کار کەمدەکاتەوە و وتی: “نەخێر، وانییە. ژیریی دەستکرد هاندانێکی گەورەیە بۆ مرۆڤ تا مێشکی زیاتر بەکاربهێنێت و بە زووترین کات بگاتە ئامانجەکانی”. بۆ ئەوەش ئاماژەى بە ئامارێکی جیهانیی کرد و ڕایگەیاند: تا ئێستا (٣٠) ملیار ئامێر بە ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی (٢٠٣٠) ئەم ژمارەیە بگاتە ٧٥ ملیار، کە هۆکارە سەرەکییەکەی ژیریی دەستکردە.
هەروەها، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجد سابر دەلۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بۆ سەرکەوتنی پڕۆگرامەکانی زانکۆ لەم بوارەدا، پێویستە بناغەی ئاشنابوون بەم تەکنەلۆژیایە هەر لە قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتییەوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دابنرێت، بۆ ئەوەش خۆشحاڵی خۆی بە ڕەزامەندیی وەزیری پەروەردە بۆ ئەنجامدانی ئەم خولانە دەربڕی.
د. نەوزاد باجگر: “ئایندەی کوردستان لە ژیریی دەستکرددایە“
لە بەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتى زانکۆکانی جیهان، لە وتارێکدا ڕایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە “ڕاپەڕینی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد” لە کوردستان ڕابگەیەندرێت، وتیشى : “ئایندەی کوردستان و نەوەکانمان لە ژیریی دەستکرددایە. ڕەنگە ئێمە لە ژێرخانی ئابووریدا لە دواوە بین، بەڵام دەتوانین لە بواری ژیریی دەستکرددا ببینە ڕکابەرێکی جیهانی، چونکە سەرمایەی مرۆیی و گەنجمان هەیە”.
دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر داوای کرد لە بری ئەوەی تەنها بەکارهێنەری ئەم تەکنەلۆژیایە بین، وتى: پێویستە گەنجان هانبدرێن بۆ ئەوەی ببنە داهێنەر، دروستکەر و دیزاینەری پلاتفۆرمەکانی ژیریی دەستکرد. هاوکات دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر ژیریی دەستکردی بە “کتێبخانەیەکی گەورەی جیهان” وەسفکرد و، جەختی لەوە کردەوە دەبێت وەک “هەوا” مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نەک وەک ئیکسسواراتێکی لاوەکی.
لە کۆتایی وتەکەیدا سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتى: ژیریی دەستکرد “خزمەتکارێکی دڵسۆزی مرۆڤایەتییە” هەربۆیە زانکۆکانی جیهان بە تەواوی ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی پەروەردە تا ئەم زانستە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنەوە ببێتە بەشێک لە پرۆسەی پەروەردە.
وەزیری پەروەردە: “زانکۆی جیهان هەمیشە بە دەستپێشخەرییە باشەکانی ناسراوە“
لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی ڕۆڵی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد و ڕایگەیاند: “زانکۆی جیهان لە هەموو شارەکانی کوردستاندا، هەمیشە بە دەستپێشخەرییە باشەکانی بۆ تواناسازیی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە ناسراوە”.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم خولە نموونەیەکی دیکەی ئەو پەیوەندییە بەردەوام و بەهێزەیە، کە لەنێوان وەزارەتەکەیان و زانکۆی جیهاندا هەیە و وەک هەنگاوێکی پێشەنگ وەسفی کرد. لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا ئاماژەى بە کار و چالاکیەکانى وەزارەتەکەى لە بوارى تەکنەلۆژیا و سیستمى بەڕێوەبردنى ئەلیکترۆنى کرد.
لە کۆتایشدا دکتۆرحەسەن فەهمى سەرپەرشتیارى ئاى تى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بابەتێکى زانستى لەبارەى ژیرى دەستکرد و هەنگاوەکانى بەڕێوەبردنى ئەو تەکنەلۆژیاییە باسکرد، پاشانیش ناوەڕۆکى خولەکەى بۆ ئامادەبوانى ومامۆستایانى بەشداربوو باسکرد.
خولى ژیر دەستکرد بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و وانەی تیۆری و کرداریی لەخۆدەگرێت، هەروەک زانکۆی جیهان-هەولێر پلانی هەیە لە داهاتوودا ئەم جۆرە خولانە بۆ ژمارەیەکی زیاتری مامۆستایان لە سەرتاسەری کوردستاندا بکاتەوە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ئەرکی ئەکادیمی و نیشتمانیی خۆی بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە.