سیستمی زانیاری جوگرافی (GIS) لە خزمەت پلاندانانی شارنشینى بەردەوام لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى تاوتوێ کرا
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستەکانى ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی (ICACE-2025) کە لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوکاری زانکۆی پوترا مالیزیا (UPM) لە 26-27/2/2025 بەڕێوەدەچێت، پرۆفیسۆر دکتۆر محمد جوهري محمد يوسف ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆى پۆترا مالیزیا باسى لە گرنگی سیستمی زانیاری جوگرافی (GIS) لە بەدەستهێنانی پلاندانانی شار و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتیەکان کرد.
لە چوارچێوەى بابەتەکەیدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر محمد جوهري محمد يوسف پێداچوونەوەیەکی ورد بە ئەزموونی پێشەنگی مالیزیا لە وەرگرتن و بەکارهێنانی GIS لە لایەنە جیاوازەکانی پلاندانانی شار و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان کرد، پاشان باسی لەوە کرد کە چۆن ئەم تەکنەلۆژیایە بەشداری کردووە لە باشترکردنی پلاندانانی شارەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی وڵاتەکە، هەروەها ڕۆڵی لە پاراستنی ژینگە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان بە شێوەیەکی کارا خستەڕوو.
لە بەشێکى دیکەى باسەکەیدا لایەنە جیاوازەکانى باسى بەکارهێنانی GIS بەشێوەیەکى پراکتیکى لە مالیزیا کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە پڕۆژەی پەرەپێدانی پارکە گشتیەکان و شارەکان، پلاندانانی گوندەکان و بەڕێوەبردنی دارستانەکان و، شیکاری کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخى سروشتیی کرد، هەروەها نموونەى زیندوى بەوەش هێنایەوە کە چۆن دەتوانرێت ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکان، شیکردنەوەی داتا بەکاربهێنرێت.
ئەو توێژەر مالیزیە، بە هێنانەوەى ئەزمونی مالیزیا و بەراوردکردنى لەگەڵ دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەو توانا گەورەیە کرد، کە کۆمپانیای GIS دەتوانێت لە باشترکردنی پلاندانانی شارەکان و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان لە ناوچەکەدا دابینی بکات. بەڵام لە هەمان کاتدا تیشکی خستە سەر ئەو ئألنگارییانەى کە ڕووبەڕووی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە دەبنەوە، لەوانەش نەبوونی کارمەندی شارەزا و ژێرخانی دیجیتاڵی پێویست، و پێویستی دابینکردنی داتای ورد.
لە کۆتایی بابەتەکەیدا جەختی لە گرنگی بونیادنانی توانا و پێشکەشکردنی ڕاهێنانی تایبەتمەند بۆ کادیرە ناوخۆییەکان کردەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە بەکارهێنانی کاریگەرانەی سیستمی زانیاری جوگرافی. هەروەها جەختی لە پێویستی پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی و دابینکردنی داتای ورد کردەوە، وەک بنەمایەک بۆ جێبەجێکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە.
لە کۆتایشدا ئامادەبوان بەسەرەنج و بۆچوون و پرسیارەکانیان گفتوگۆیان لەسەر ناوەڕۆکى بابەتەکە کرد، بەتایبەت لە چۆنیەتى سودوەرگرتنى بۆ ئەزمونى شارستانى هەرێمى کوردستان.