سێیەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان) بەسەرکەوتویی کۆتایی بەکارەکانى هێنا
لە ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٥-١٦/١٢/٢٠٢١)، بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانكۆی جیهان – ههولێر بههاوبهشی لهگهڵ زانكۆی (جدارا)ى ئوردنى، سێیەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى (ئاراستە نوێیەکان لە یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان) بەسەرکەوتویی بەڕێوەبرد.
دواى پێشکەشکردن و گفتوگۆکردن لەبارەى (٦٤) توێژینەوەی ئاستبەرز لەلایەن توێژەران و پسپۆڕان و مامۆستایانى زانکۆ لە ڕێگەى (٦) پانێڵى جیا لە بارەى (یاسا، پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و، ڕاگەیاندن و، خوێندنەوەى ئەنجامى ڕاسپاردەکان، دواى نیوەڕۆى ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (١٦/١٢/٢٠٢١) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەخوێندنەوەى ڕاسپاردە گەڵاڵەکراوەکان و، پێشکەشکردنى چەند وتەیەک کۆتایی بەکارەکانى کۆنفرانسەکە هات.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕاسپاردەى کۆتاى کۆنفرانس، لەلایەن دکتۆر عەبدولستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان خوێندرایەوە، کە چەندین خاڵى لەخۆگرتبوو و، بەرئەنجامى خستنەڕووى (٦٤) توێژینەوە بوو لەماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، گرنگترین ڕاسپاردەکانیش بریتیبوون لەم خاڵانەى خوارەوە:
- هەموارکردنەوەی یاساکانی پەیوەست بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان، بەشێوەیەک لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ بوارەکە یەکانگیر بێ.
- گرتنەبەری سیاسەتی پەروەردەیی، کە فێرکردنی مافەکانی مرۆڤ بگرێتەئەستۆ بۆ دابینکردنی هۆشیاری گونجاو و دڵنیابوون لەوەی کە ڕێزیان لێگیراوە.
- گرتنەبەری ڕێوشوێن و سیاسەتەکانى گرنگی دابینکردنی بەشی پێویست لەئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.
- کارکردن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنە سیاسەتەکان بۆ دڵنیابوونى عێراق لە بوونى پێگەیەکی گونجاو لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان.
- دامەزراندنی کۆمەڵەی ئاشتی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی .
بەو بۆنەیەوە پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا سوپاسى هەموو لێژنەکانى ئامادەکار و بەڕێوەبردنى سێیەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى (ئاراستە نوێیەکان لە یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان) لە زانكۆی جدارا و، زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، هەروەک سوپاسى ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى و قسەکەرانى سەرەکى کۆنفرانس کرد، جەختیشیکردەوە کەڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە کاری جدى بۆ دەکرێت و دەخرێتەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆنفرانس، کە دەمانەوێت خزمەتی کۆمەڵگە و سەرجەم دامەزراوەکانی بکەین بەتایبەتی لەبواری یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر (محمد تاڵب موفلح عوبیدات) سەرۆکى زانکۆى جدارا لە شانشینى هاشمى ئەردەنى لە وتەیکدا سەرسامی خۆی پیشاندا بەتوانا زانستییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەتایبەت لە ستافی زانستى و ناوەندە ئەکادیمیەکانى، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو هەوڵانەی زانکۆی جیهان -هەولێرى کرد، کە بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە ئەنجامیاندا.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کۆتاى کۆنفرانسەکەدا، دکتۆر نوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی ئەمیندارەکانی زانکۆکانی جیهان وتاری پێشکەشکرد و تێیدا سوپاسی سەرجەم ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسەی لە هەردوو زانکۆى ڕێکخەر کرد و، ڕاشیگەیاند: زانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە لە ڕێکخستنى ئەم جۆرە کۆنفرانسە زانستیانە پێشەنگ بووە.
لە مەراسیمەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و، دکتۆر نوزاد یەحیا باجگر دیاریی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی جدارا لە شانشینى هاشمى ئەردەنى و، سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و ڕاگری فاکەڵتی یاسا لە زانکۆکە کرد بۆ بەشداریکردنى کارایان لە سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە، لە بەرامبەردا سەرۆکی زانکۆی جدارا و، سەرۆکی دەستەی ئەمینداران دیاریان پێشکەش بە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ و، دکتۆر نوزاد یەحیا باجگر و، دکتور عبدالستار کریم سەعید کرد.
لە کۆتایشدا لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆر دکتۆر (محمد تاڵب موفلح عوبیدات) سەرۆکى زانکۆى جدارا لە شانشینى هاشمى ئەردەنى و، دکتۆر نەوزاد باجر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانس دابەش کرا، بەو شێوەیە لە کەشوهەوایەکى زانستیدا کۆتایى بە چالاکیەکانى سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودهوڵهتی لە بوارى (ئاراستە نوێیەکان لە یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان) هات، واش بڕیارە بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیازەکانى کۆنفرانس بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرز بکرێتەوە لەپێناو جێبەجێکردنیان.
زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستان، لە ڕێگەى پێشکەشکردن و بەستنى ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە زانستیە جۆراوجۆرانە، توانیویەتى ڕۆڵی گرنگ بگێڕى لە پێشخستن و بوژانەوەى سەرخانى هەرێمى کوردستان و، پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و پتەوکردنى پایەکانى بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق و، چارەسەرکردنى کێشە یاساییەکان و پەرەپێدان بەکاروبارى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمى کوردستان.