سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ وۆرک شۆپێکی زانستی لەبارەى هۆشیاری شێرپەنجە بەڕێوەبرد
لە چوارچێوەی مانگی هۆشیاری شێرپەنجە، سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى ٦/٢/٢٠٢٥، وۆرک شۆپێکی زانستی بەناونیشانى “هۆشیاری شێرپەنجە” ڕێکخست.
وۆرک شۆپەکە لە هۆڵی VIP زانکۆکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی بەشەکان و ستافى زانستى و فێرخوازانی بەشە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، دکتۆر ناسر گەیلانی، ڕاوێژکاری بۆماوەیی و سەرپەرشتیاری تاقیگەی ئەلفارەبی بابەتێکى گرنگى لەو بارەیەوە پێشکەشکرد، کە تیایدا پێداچوونەوەی بە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی شێرپەنجە کرد و، ئاماژەی بەوەدا کە لە هەر پێنج کەسێک لە توشبوان بە شێرپەنجە یەکێکیان مەترسی مردنی هەیە، لە بەشێکى دیکەى بابەتەکەیەدا ڕوونکردنەوەیەکی قووڵی لەسەر میکانیزمەکانی گەشەکردنی نەخۆشی پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر ئەو هۆکارە بۆماوەییانەی کە بەشدارن لە گواستنەوەی نەخۆشیەکە لە نێوان نەوەکاندا، هەروەها ئەو کاریگەرییە گەردیلەییانەی کە لە ئاستی خانەدا دروستی دەکات.
لە بەشی دووەمی بابەتەکەیدا دکتۆر ناسر گەیلانی باسى لە دواین پێشهاتەکانی ئەم دواییەی بوارەکانی خۆپاراستن و چارەسەری شێرپەنجە کرد، هەروەها باسی لە دوایین دۆزینەوە زانستییەکان کرد، کە بەشدارن لە کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن و بەخشینی ئومێد بە نەخۆشەکان، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی لە گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و گرتنەبەری شێوازی ژیانی تەندروست و پەنابردنە بەر پزیشکی پسپۆڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە کرد.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا پڕۆفیسۆر دکتۆر میرزا هەمزە حەممەدی بڕوانامەی پێزانینی پێشکەش بە دکتۆر ناسر گەیلانی کرد وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشدارییە بەنرخەکانی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری شێرپەنجە.