سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن خولێکی ڕاهێنانی تایبەت لەسەر تەکنیکەکانی فۆتۆى ڕۆژنامەگەری بۆ فێرخوازان ڕێکخست
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٥/٤/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (دلان ئیسماعیل)، بەهاوکارى ڕاهێنەر (شەماڵ تۆفیق) ڕاهێنەرى بوارى فۆتۆ خولێکى فۆتۆجۆرناڵى بۆ فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن بەڕێوەبرد.
لە سەرەتای خولەکەدا، مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی بەشى ڕاگەیاندن بۆ پەرەپێدانی پێگەی ئەکادیمی فێرخوازان، بۆ ئەوەش وتى: لە پاڵ خوێندنى ئەکادیمى، بەشەکەمان ئەخوازێ لە ڕێگەی خول و ڕاهێنانى فێرخوازان لە بوارە جیاکانى میدیا پەرەى زیاتر بە بە تواناى پیشەیی فێرخوازان بدات، پاشان ڕاهێنەر شەماڵ تۆفیق باسی لە بنەماکانی کارپێکردنی کامێرا و تەکنیکەکانی فۆتۆى ڕۆژنامەگەری کرد و، ڕوونیکردەوە کە پێشکەوتن لە بواری میدیادا هەم لێهاتوویی پیشەیی و هەم شارەزایی ڕۆژنامەوانیی دەوێت، لەوانەش تێگەیشتنێکی بەهێز لە فۆتۆگرافی و شێوازە جۆراوجۆرەکانی، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەی بە تەکنیکەکانی کامێرا کرد کە ناوەڕۆکی میدیا دەوڵەمەندتر دەکات .
لە بەشێکى دیکەى خولەکەدا بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنان لە بوارى چۆنیەتى بەکارهێنانى کامیرا و گۆشەکانى کامیرا بەپێى ڕوداو و چالاکیەکان بە فێرخوازان کرا، هەروەک ڕاهێنەرەکە چەمکی “خاڵی زێڕین”ی لە فۆتۆگرافیدا بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە، کە کرۆکی وێنەیەکی باش پێناسە دەکات، هەروەها باسی لە مۆدێلە جیاوازەکانی کامێرا و گونجانیان بۆ فۆتۆ ڕۆژنامەگەری کرد و، جەختی لەوە کردەوە کە دامەزراوە میدیاییەکان کە بەدوای باشترین فۆتۆى ڕۆژنامەگەرییدا دەگەڕین بۆ ئەوەى ناوەڕۆکى هەواڵ و پەیامەکانیان بەشێوەیەکى باشتر بگەێنن بە وەرگر.