سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن كۆڕێكی شیعریی بۆ دوو لە فێرخوازەكانی بەڕێوەبرد
لە چالاكییەكی هونەرییدا، سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی یەكشەممە ڕێکەوتى (23-2-2025) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ، كۆڕێكی شیعری بۆ هەردوو شاعیر و هۆزانڤانی لاو (ژیكار ئەمیر) فێرخوازى قۆناغى چوارەم و، (زێرەڤان تەمۆ) فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە بەشی ڕاگەیاندنن بەڕێوەبرد.
لەو کۆڕە شیعرییەدا، کە لەچوارچێوەی چالاكییە هونەری و ڕۆشنبیرییەكانی سەرۆكایەتی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بۆ گرنگیدان و بەزیندووهێشتنەوەی كایەی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و گرنگیدن بە توانا و لێهاتویی فێرخوازان دێ، بەشێكی بەرچاو لە فێرخوازان و مامۆستایانى زانكۆ ئامادەیبون، لە كەشێكی ساردی زستاندا هەردوو شاعیر و هۆزانڤان چەندین هۆنراوەی خۆشەویستی و نیشتیمانپەروەرییان خوێندەوە و، ئامادەبووانیان ئاوێزانى کەشە شعیرییەکە کرد و، بە چەپڵە ڕێزان و خۆشەویستیەکى زۆرەوە پێشوازییەکى گەرمیان لە هۆنراوەکانیان کرد.
هەردوو فێرخواز زێرەڤان تەمۆ و ژیكار ئەمیر، سەرەڕای ئەوەی فێرخوازى زانكۆن لە بەشی راگەیاندنی زانكۆی جیهان-هەولێر، لە هەمانكاتدا هۆزانڤان و شاعیرن، زێرەڤان تەمۆ خاوەنی سێ بەرهەمی ئەدەبییە بەناوەكانی (کچا رۆناهیێ، پشتی تە، ئاخ)، ژیكار ئەمیریش خاوەنی بەرهەمێكی شیعرییە بەناوی (هەیت و نیت)، لە ئێستاشدا هەردووکیان سەرقاڵی بە چاپگەیاندنی نوێترین بەرهی شیعریی خۆیانن.