سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە زانکۆى جیهان-هەولێر فیستیڤاڵى هونەرى بەسەر دەکاتەوە
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: کارى هونەر لە هەر وڵاتێک نیشاندەرى مێژوو و کلتورى هونەر ئەو وڵاتەیە، کە لە ڕێگەى هونەرەوە کەلتورەکانیان پیشانى دونیا دەدەن.
ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (14/11/2023) مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، بەگەرمى لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى جیهان پێشوازى لێکرا.
پاشان؛ سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەئامادەبونى دکتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، فیستیڤاڵى ساڵانەى پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى شارەکانى هەرێمى کوردستانى لە گەلەرى زانکۆى جیهان-هەولێر کردەوە، لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەرهەمى فێرخوازانى پەیمانگەکە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستخۆشى لە توانا و لێهاتویی فێرخوازان کرد، هەروەک پاڵپشتى خۆشى بۆ بوارى هونەر دوپات کردەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن؛ مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتى: بۆ خۆم ئارەزوى هونەر دەکەم بەتایبەت هونەرى شێوەکارى، بۆیە پێم خۆش بوو لە نزیکەوە بێم سەردانى ئەم پیشانگەیە بکەم و کارە جیاوازەکانى خۆمان ببینم، ڕاشیگەیاند: گەنجان شتى زۆر جوانیان کردوە و ئومێدم پێیانە کە ببنە هونەرمەندى زۆر گەورە لە دوا ڕۆژدا، وتیشى ئەوەى بە ئێمە بکرێ لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانى کوردستان یارمەتى هونەرە جوانەکان دەدەین، هاتنیشم بۆ ئێرە دوپاتکردنەوەى ئەو پاڵپشتیەیە.
لە کۆتایشدا مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: کارى هونەر لە هەر وڵاتێک نیشاندەرى مێژوو و کلتورى هونەر ئەو وڵاتەیە، کە لە ڕێگەى هونەرەوە کەلتورەکانیان پیشانى دونیا دەدەن.
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک هەمیشە پاڵپشتى سەرجەم سێکتەر و بوارە جیاکانى کردوە و، بەردەوام پاڵپشتى چین و توێژە جیاکان دەکات، کردنەوەى ئەم فیستیڤاڵەش هەر لەو چوارچێوەیەدا دێ، لەو فیستیڤاڵەدا کە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تیدا چالاکى هونەرى جۆراوجۆرى فێرخوازانى پەیمانگەکانى هونەرە جوانەکانى شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان نمایش دەکرێ.