سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر تاوتوێى کردنەوەى سەنتەرێکى نێودەوڵەتى فێربونى زمانى ئینگلیزى دەکات
بۆ فێربوون و پەرەپێدانى تواناى فێرخوازان لەبوارى زمانى ئینگلیزى، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ شاندێکى کۆمپانیاى (NETCOMS) کۆبوەوە.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١١/٦/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ پێشوازى لە شاندێکى کۆمپانیاى (NETCOMS) بەسەرۆکایەتى بیلال شاغورى کرد، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى کردنەوەى سەنتەرێکى کۆمپانیا لە کەمپى زانکۆى جیهان-هەولێر کرا.
لەو بارەیەوە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان؛ ڕایگەیاند: لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە تەواوى بەشە زانستیەکان جگە لە (یاسا، پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسى) خوێندن بەزمانى ئینگلیزیە، هەر بۆیە دەخوازین فێرخوازانمان لە پاڵ فێربون و ڕاهێنانیان لە بوارى پسپۆڕییەکانیان لەهەمانکاتدا بەتەواوەتى فێرى زمانى ئینگلیزى ببن، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەى ڕابردودا چەندین هەنگاوى پراکتیکیمان ناوە، ئاشکراشیکرد دەرگاى زانکۆ بەڕوى هەموو ئەو سەنتەرە نێودەوڵەتیانەدا کراوەیە، کە ئارزویانە کارمان لەگەڵ بکەن.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا؛ سەرۆکى شاندێکى کۆمپانیاى (NETCOMS) کورتەیەکى لەبارەى کۆمپانیاکەیان و ئامانجى سەردانەکەیان بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش بەپڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کرد و، دوپاتیانکردەوە کۆمپانیاکەیان جگە لە کردنەوەى خولى فێربون و پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى، لەهەمانکاتدا ئارەزومەندان بۆ تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانى (IELTS, IBP,) ئامادە دەکەن.
لە کۆتایشدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆکەمان ئامادەى هەموو جۆرە کارئاسانى و هاوکارى و ڕێکەوتنێکە بۆ بەرزکردنەوەى تواناى زمانەوانى فێرخوازان بەتایبەت، بۆ ئەوەش دوپاتیکردەوە بەوردى تاوتوێى پێشنیاز و ناوەڕۆکى پرۆگرامەکانیان دەکەن و، پاشان نەخشەڕێى کارەکان بڕیارى لەسەر دەدەن.