سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر: دەبێت وێبسایتى زانکۆ ئاوێنەى زانکۆ بێت
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: ئەمڕۆ کە لەسەردەمى تەکنەلۆژیا و گەیاندنى زانیارییەکان دەژین، دەبێ پەیامى زانکۆش وەک خۆى بگات بە کۆمەڵگەى ئەکادیمى.
ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (05/10/2023) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سەرپەرشتى کۆبونەوەیەکى تایبەت بە کاروبارى بەشە زانستیەکان لە وێبسایتى زانکۆ کرد، لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار عبدالکەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، نوێنەرى بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کورتەیەکى لەبارەى گرنگى وێبسایتى زانکۆ بۆ ئامادەبوان باسکرد و ڕایگەیاند: دەبێت پێگەى زانکۆ ئاوێنەى زانکۆ بێت، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە بەسەردەمى تەکنەلۆژیا و گەیاندنى زانیارییەکان لە کەمترین ماوە ناسراوە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لە نەخشەڕێى کاروبار و چالاکى بەشە زانستیەکان بۆ وێبسایتى زانکۆ کرد و، ڕاگەیاند: دەبێت هەموتان بەبەرپرسیاریەتیەوە کارەکانتان ڕایی بکەن و، وێنەیەکى جوانى بەشەکانتان و پەیامى و کار و چالاکى و توانا و لێهاتویی فێرخوازەکانتان بگەێننە کۆمەڵگەى ئەکادیمى بەتایبەت و، هاوڵاتیان بەگشتى. سەرۆکى زانکۆ بەشێکى دیکەى وتەکانى تەرخانکرد بۆ ئەو دەسکەوتە زانستیانەى لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ماوەى ڕابردودا بەدەستهێناوە، بۆ ئەوەش نمونەى بەچەندین ڕێزبەندى زانکۆکان و متمانەى دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و ڕەوانەکردنى فێرخوازان بۆ زانکۆ پێشکەوتوەکان و چەندین دەسکەوتى دیکە هێنایەوە، وتیشى ئەم دەسکەوتانە لەخۆڕا بەدى نەهاتون، بەڵکو هەوڵ و ماندوبونى زۆریان لە پێناو دراوە، هەربۆیە دەبێتە ئەم دەسکەوت و هەوڵە زانستیانە وەک خۆى بگاتە کۆمەڵگەى ئەکادیمى و زانستخوازان.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، گفتوگۆ لەبارەى کارەکانى داهاتوو و، دیاریکردنى نەخشەڕێى کارکردنى بەشە زانستیەکان کرا.