سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر: لە ئامادەکارین بۆ کردنەوەى بەشەکانى پزیشکى ددان و دەرمانسازى
لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ وەفدێکى سەندیکاى پزیشکانى ددان لە عێراق، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆکەمان بەڕەچاوکردنى پێوەرە زانستیە ئاستەبەرزە نێودەوڵەتیەکان لە قۆناغى ئامادەکاریدایە بۆ کردنەوەى بەشەکانى پزیشکى ددان و دەرمانسازى بەبەرزترین کواڵیتى و دابینکردنى پێشکەوتووترین تاقیگەى زانستى و ستافى زانستى ئاستبەرز.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٦/٢٠٢) لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ (دکتۆر ئەبوبەکر زیاد ڕاوى) نەقیبى سەندیکاى پزیشکانى ددان لە عێراق بەئامادەبوونى دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى پەیوەندى زانستى لە نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و سەندیکاى پزیشکانى ددان کرا، بەتایبەت لە هەماهەنگیکردن و هاوکارى بۆ کردنەوەى بەشى پزیشکى ددان.
لە سەرەتادا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەشکرد ڕایگەیاند: “زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکەمین زانکۆى تایبەتە”، کە لە ساڵى (٢٠٠٧) دامەزراوە و تا ئێستا زیاتر لە (١٣) هەزار هەیە، کە زۆربەیان توانیویانە دەرفەتى کار بەدەست بهێنن، لە ئێستاشدا نزیکەى (٥) هەزار فێرخواز لە (٧) کۆلێژ و (٢٢) بەشى زانستى هەیە. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کورتە باسێکى لەبارەى ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیان لەگەڵ زانکۆکان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی پێشکەش کرد، وتیشى زانکۆکەمان لە ڕووى چۆنایەتى لەگەڵ دامەزراوەى (زێباى ئەڵمانى) توانیویەتى ئەکردیتەیشن بۆ بەشەکانى ئەندازیارى بەدەستبهێن، بۆ بەشەکانى دیکەش لەگەڵ دامەزراوەیەکى زانستى گرنگى بەریتانى لە قۆناغى بەدەستهێنانى ئەکردیتەیشنین، ئەوەشى ڕاگەیاند: بۆ جارى دووەم لەسەر ئاستى زانکۆ تایبەتەکانى کوردستان لە ڕیزبەندى زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستانین، هەر لە میانەى قسەکانیدا باسى لە دیدگە و ئامانجى داهاتوى زانکۆ کرد بەتایبەت لە چۆنیەتى پەرەپێدان بەتوانا زانستى و ئەکادیمیەکان و، دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتیە ئاستبەرزەکان.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاشکرایکرد، کە زانکۆکەیان لە قۆناغى ئامادەکاریدا بۆ کردنەوەى بەشەکانى پزیشکى ددان و دەرمانسازى بەپێشکەوتووترین تاقیگەى زانستى و دابینکردنى باشترین مامۆستاى بەتوانا و ڕەچاوکردنى پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتیەکان لە بوارى پزیشکى ددان و دەرمانسازى.
نەقیبى سەندیکاى پزیشکانى ددان لە عێراق دواى ئەوەى سوپاسى ئەو میواندارییەى کرد، خۆشحاڵى خۆی پیشاندا بەو بەرەوپێشچونەى لەڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەدیهاتووە، وتیشى لە بوارى زانستى و پزیشکى لە عێراق پێویستمان بەزانکۆى هاوشێوەیە بۆ پێگەیاندنى کادیرى بەتوانا و لێهاتوو بۆ کۆمەڵگەکەمان، چونکە بایەخدان بەکواڵیتى و پێگەیاندنى کادیرى بەتوانا یەکێکە لە پێداویستیە سەرەکیەکانى ئەم قۆناغە بۆ وڵاتەکەمان، هیواشى خواست زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئەو ڕێچکەیەى بەردەوام بێ تا هەمیشە وەک زانکۆیەکى پێشەنگ بمێنێتەوە.