سەرۆکى زانکۆ پیشانگەى ساڵانەى بەشى دیزاینى ناوەخۆی کردەوە
بۆ خستنەڕووى توانا و لێهاتوویی فێرخوازان، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٣/٢/٢٠٢٢) لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیشانگەى ساڵانەى فێرخوازانى بەشى دیزاینى ناوەخۆ کرایەوە.
لەو پیشانگەیەدا، کە یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و، مامۆستایان و فێرخوازانى بەشە جیاکانى زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەیبوون، بەرهەمى کاروچالاکیە زانستیەکانى فێرخوازانى بەشى دیزاینى ناوەخۆ لە زانکۆى جیهان-هەولێر نمایش کرابوو.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکەدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر گفتوگۆى لەگەڵ فێرخوازان کرد لەبارەى ئامانج و گرنگى و چۆنیەتى کارکردن لە پڕۆژە زانستیەکانیان، فێرخوازانیش بەشێوەیەکى زانستى شیکردنەوەیان بۆ لایەنە جیاکانى پڕۆژەکانیان بۆ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەڵۆ و، مامۆستایان و فێرخوازانى ئامادەبوو کرد.
لە کۆتایشدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى و ستایشى فێرخوازان و مامۆستایانى سەرپەرشتیار کرد بۆ کردنەوەى ئەو پیشانگەیە و خستنەڕوى کاروچالاکى بەرهەمە زانستیەکانیان، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، زانکۆى جیهان-هەولێر وەک هەمیشە پاڵپشتى فێرخوازانى بەرهەمەند و بەتوانا دەکات و، دەرفەتى گونجاویان بۆ دەڕەخسێنى تا پەرە بەبەهرە و لێهاتویە زانستیەکانیان بدەن.