سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ نەقیبیى سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق لە بەغدا کۆدەبێتەوە
لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ بەغدای پایتەخت، ڕۆژی شەممە ڕیکەوتى (٨/٢/٢٠٢٥) مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر قاسم ئاغا سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى شاندێکی بەشەکە سەردانى شارى بەغداد کرد و لەگەڵ مؤيد اللامي نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى عێراقى کۆبوەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا گفتوگۆیان لەبارەى ڕێگەکانی بەرزکردنەوەی ئاستى هاوکارى و کارى هاوبەشى نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان عێراق تاوتوێ کرا، جگە لەوەش هەردولا کۆمەڵێک بیروڕاى هاوبەشیان لەبارەى پەرەپێدانی پرۆگرامە زانستیەکانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرا، بۆ ئەوەش سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن ڕونیکردەوە پرۆگرامەکان هاوتەریبن لەگەڵ پێشکەوتنەکانى بواری ڕۆژنامەگەری و میدیا. هاوکات لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا باس لە کۆمەڵێک میکانیزمى جیاواز و ئاسانکاری بۆ دۆزینەوەى دەرفەتى کار و دامەزراندنى دەرچووانی بەشەکانى ڕاگەیاندن لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندن و شوێنە پێویستەکان لە کەرتى گشتى کرا.
لایەنێکى دیکەى کۆبونەوەکە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ئەنجامدانی وۆرکشۆپی ڕاهێنان بۆ فێرخوازان، لەلایەن شارەزایان و پسپۆڕانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان عێراق، بە ئامانجی بەرزکردنەوەى ئاستى لێهاتوویی تواناى پراکتیکی پێویستى فێرخوازان و باشتر ئامادەکردنیان بۆ چوونە ناو بازاڕی کار و، کارکردن وەک میدیاکارێکى پیشەیی پڕۆفێشناڵ، بۆ ئەو مەبەستە هەردوولا جەختیان لە گرنگی هاوکاری نێوان دامەزراوە ئەکادیمی و پیشەییەکان کردەوە، بەمەبەستی پێشخستنى ئاستی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن لە هەرێمى کوردستان و عێراق و، پێگەیاندنى نەوەیەکى ڕۆژنامەنوسی شارەزا و پیشەگەر و بە توانا بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنى لە بوارە جیاکان.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر قاسم ئاغا سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان هەولێر، سوپاسى نەقیبى سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراقى کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەی و، جەختی لەسەر پەرۆشی زانکۆى جیهان-هەولێریش کردەوە بۆ بەرەوپێشبردنى ئاستى هاوکاری لەگەڵ سەندیکا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی فێرخوازان و کاری ڕاگەیاندن لە عێراق و هەرێمى کوردستان بکات.