سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر دووەمین پیشانگەی هونەرمەندانی کەمپی کەورگۆسکى کردەوە
بۆ پاڵپشتیکردنى توانا و بەهرە هونەرییەکانیان، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە هاوکاری ڕێکخراوی (TDH)ی ئیتاڵی پیشانگەیەکی هونەری بۆ هونەرمەندانی کەمپی پەنابەرانی کەورگۆسک ڕێکخست.
پیشانگەیەکە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٣/١١/٢٠٢٣) لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەناو کەمپى زانکۆى جیهان-هەولێر کردەوە، لە میانەى بەسەرکردنەوەى تابلۆ هونەرییەکاندا؛ هونەرمەندان باسیان لە مانا و بیرۆکەى تابلۆکانیان بۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، لە بەرانبەردا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ پاڵپشتى زانکۆى جیهان-هەولێرى بۆ پەرەپێدان و دەرخستنى بەهرە هونەرییەکانى گەنجان کردەوە، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە کە ئێوەى گەنج لە ژیانى پەنابەریدا بتوانن پەرە بە تواناکانتان بدەن و خاوەن ئەو ئاستە هونەری پێشکەوتووانەن.
هەر لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەرهەمە هونەرییەکاندا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى لە خاتوو شەهناز محیەدین شاهین بەڕێوەبەری سەنتەری کۆمەڵایەتی TDH کرد، کە بەردەوام پشتگیری ئەم بەهرەمەندانە دەکات لە بەر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە تێیدا دەژین.
لەو پیشانگە هونەرییەدا (٩٥) تابلۆی (12) هونەرمەند، بە بەشداری (11) هونەرمەندی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت کە سەرجەمیان ئاوارەی کەمپی کورگۆسک بوون بەرهەمەکانیان نمایش کرا.
ئەمە دووەمین پیشانگەی هونەرییە، کە بەسەرپەرشتى دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ هونەرمەندانی کەمپی کەورگۆسک ڕێکدەخرێت، پیشانگەى یەکەم لە ساڵى (2021) بە هاوکاری ڕێکخراوی (SWEDO) نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.