سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ فێرخوازانى بەشداربوى خولى هاوینەى پۆڵندا کۆبوەوە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ فێرخوازانى بەشداربوى خولى هاوینەى پۆڵندا ڕایگەیاند: زانکۆکەمان بەردەوام دەبێت لە ڕەوانەکردنى فێرخوازان لە بەشە جیاوازەکان بۆ زانکۆ پێشکەوتوەکان بەگشتى و زانکۆکانى پۆڵندا بەتایبەت بەئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى زانیارى و ئەزمونى فێرخوازان.
ئەمڕۆ یەک شەممە ڕێکەوتى (١٦/٧/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ فێرخوازانى بەشداربوى خولى هاوینەى زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا کۆبوەوە. لە میانەى کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانەوەى فێرخوازان و مامۆستایانى سەرپەرشتیار ستایشى ئاستى بەشداریکردنى فێرخوازان و مامۆستایانى کرد و وتى: سوپاستان دەکەم کە لە میانەى بەشداریکردنتان توانیتان وێنەیەکى جوانى زانکۆ و کەلتورى وڵاتەکەتان و ئاستى زانستیتان پێشکەش بەفێرخوازانى زانکۆکانى دیکەى و وڵاتى خانەخۆێ کرد
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لە هەنگاو و کار و پڕۆژەکانى داهاتوى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد کە بەنیازن جێبەجێی بکەن، لەوانەش ئاماژەى بە ناردنی ڕاوندێکى دیکەى فێرخوازان و مامۆستایان بۆ زانکۆى وارشۆ لە پۆڵندا کرد، لەهەمان کاتدا باسى لەو خولە چڕ و هاوبەشانە کرد، کە لە بەرنامەیاندایە لەگەڵ زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا ئەنجامى بدەن.
لە ڕێکەوتى (٦/٢٥/٢٠٢٣ تا ٧/٧/٢٠٢٣) گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە خولێکى چڕى هاوینە لە زانکۆى لۆدز لە پۆڵندا کرد، لەماوەى خولەکەدا لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایان و مامۆستایان چەندین بابەتى جیاواز لە بارى ژینگە و گۆڕانى کەش وهەوا و کاریگەرییەکانى لە بوارە جیاوازەکان پێشکەش بەفێرخوازان کرا، هەروەک باس لە چەندین ڕێگە و میکانزمى جیاواز بۆ بەرگەگرتن لە پسپبونى ژینگە و مامەڵەى تەندروست لەگەڵ فاکتەرە ژینگەییەکان بۆ فێرخوازان کرا. مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێریش لە میانەى بەڕێوەچونى خولەکەدا بە پێشکەشکردنى دوو بابەت بە فێرخوازان بەشداریان لە خولەکەدا کرد، هاوکات فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەخستنەڕوى سەرەنج و پرسیار و بۆچونەکانیان لە بارەى بابەتە جیاوازەکان بەشداریەکى کارایی خولەکەیان کرد.