سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پەراوێزی کۆنفرانسی NAFSA لەگەڵ چەندین سەرۆک زانکۆی وڵاتانى جیهانی کۆدەبێتەوە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە وەک ئەندامێکی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆنفرانسی ساڵانەی دامەزراوەی (NAFSA) بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (٣٠/٥/٢٠٢٥)، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لەگەڵ سێ سەرۆک زانکۆی ناوداری جیهانی کۆبووەوە. کۆبوونەوەکان لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی زانکۆی غۆسهکهیی یابانی، سەرۆکی زانکۆی سیتی مهکسيکی (City University of Mexico)و، نوێنەری زانکۆی فرایبۆرگی ئەڵمانی بوون.
لە میانی کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر و ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا. هەروەها باس لە میکانیزمەکانی بەشداریکردن لە پڕۆگرامی ئیراسموس پڵەس، ناردنی فێرخواز لەنێوان زانکۆکاندا بەتایبەت بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا)، و ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی هاوبەش کرا.
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ ئامادەکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو زانکۆیانەدا، کە دواتر بیروڕاکان و پێشنیازەکان بەوردى ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت بە مەبەستی واژۆکردن و چوونە بواری جێبەجێکردنەوە. جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر و کردنەوەی دەروازەی نوێیە بۆ فێرخوازان و مامۆستایانی زانکۆ.