سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازی لە پڕۆفیسۆر دکتۆر سەفا عیزەدین ئەلموختار دەکات
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 2/2//2026 ، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، پێشوازی لە پڕۆفیسۆر دکتۆر سەفا عیزەدین ئەلموختار، پسپۆڕی ناودار و ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی گورچیلە و چاندنی گورچیلە کرد.
لە دیدارەکەدا، کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ ئامادەی بوون، گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی چەندین تەوەری زانستی و ئەکادیمی گرنگ کرا. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، وێڕای بەخێرهێنانى، دەستخۆشی لەو پێگە زانستی و مرۆییە بەرزە کرد کە پڕۆفیسۆر دکتۆر سەفا عیزەدین لە کەرتی پزیشکیدا هەیەتی وەک یەکێک لە قەڵەمە دیارەکانی بواری نەفرۆلۆجی لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەرەپێدانی هەماهەنگیی زانستی لە نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و ناوەندە پزیشکییە پسپۆڕییەکان کرا، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پزیشکانی ڕاوێژکار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پراکتیکی فێرخوازانى بەشە پزیشکییەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر سەفا عیزەدین سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و دەستخۆشی لەو پێشکەوتنە زانستییە گەورانە کرد کە زانکۆکە لە ماوەی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، بەتایبەت لە ڕووی گرنگیدان بە توێژینەوەی زانستی و ڕێکخستنی وۆرک شۆپی جۆری کە خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەفا عیزەدین خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە بڕوانامە و نازناوی زانستیی باڵایە، لەوانە (FICMS, FRCPE) ، هاوکات بەڕێوەبەری پڕۆگرامی پسپۆڕیی گورچیلەیە لە بۆردی کوردستان و بۆردی عەرەبی، هەروەها بەڕێوەبەری پزیشکیی چاندنی گورچیلەیە لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بەشی گورچیلەیە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر.






