سەلامەتى کار لە شوێنى کارکردن لە سیمپۆزیۆمێکى هاوبەشى بەشى چارەسەرى سروشتیدا
بۆ دەستنیشانکردنى میکانزمەکانى سەلامەتى کار لە شوێنى کارکردن، بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان بەهاوبەشى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و، سێنتەرى ئایلان بۆ چارەسەرى سروشتى سیمپۆزیۆمێکیان بەناونیشانى کۆنیشانەکانی شوێنی کارکردن ((workplace syndromes بەڕێوەبرد.
لەو سیپۆزیۆمەدا، کە بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، نوێنەرى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و لێپرسراوانى سێنتەرى ئایلان بۆ چارەسەرى سروشتى و مامۆستایان بەشى چارەسەرى سروشتى و پسپۆڕان و شارەزاییان بەڕێوەچوو، ماوەى دوو ڕۆژى خایاند.
لە دەستپێکى ئەو سپۆزیۆمەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، چەند وتارێک پێشکەشکران، لەو چوارچێوەیەدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى میوانان بەگرنگیەوە باسى لە سەلامەتى پیشەیی و کار لە شوێنى کارکردن کرد، وتیشى تەوەرەکانى ئەو سیمپۆزیۆمە جێگەى هەڵوەستەکردنە و، دەبێ بەگرنیگەوە لەو بوارە بڕوانین، چونکە تا ئێستا سەلامەتى پیشەیى لە شوێنى کار تا ڕادەیەکى زۆر فەرامۆش کراوە، هیواشى خواست سیمپۆزیۆمەکە بتوانێت پێشنیاز و ڕاسپاردەى گرنگ بۆ ئەو بوارە دەستنیشان بکات، لە کۆتایشدا دەستخۆشى لە ڕێکخەرانى سیمپۆزیۆمەکە کرد و، ئامادەیی زانکۆى جیهانى بۆ هەر جۆرە هەماهەنگى و هاوکارییەک لەگەڵ زانکۆکان و ڕێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەستنى سیمپۆزیۆم و کۆنفرانسى هاوشێوە دووپات کردەوە.
لە بەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمى کردنەوەى سیمپۆزیۆمەکەدا، وتارى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و سێنتەرى ئایلان بۆ چارەسەرى سروشتى پێشکەشکرا، پاشان بەرنامەى کارى سیمپۆزیۆمەکە دەستپێکرد.
لە سەرەتادا لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر ( محد اشرف ثوکر ) بابەتێک بەناونیشانى هۆکار و نیشانەکانی workplace syndromes ) ) پێشکەش کرا، کە تێیدا بەوردى باسى لە ڕێگەکانی خۆپارێزی و چارەسەر لە کۆنیشانەکانی شوێنی کارکردن کرد.
هەر هەمان ڕۆژ لەلایەن دکتۆر (مةهدی خالد قادر ) سەرۆکی بەشی چارەسەری سروشتی لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی زانکۆی پۆڵیتەکنیکى هەولێر بابەتێکى لەبارەى ڕێگەکانی خۆپارێزی و چارەسەر پێشکەشکرد..
هەر لە دریژەی دووەم ڕۆژى کارەكانی ئەو سیمپۆزیۆمە هاوبەشدا لەلایەن مامۆستا (زینە نەبیل ئەحمەد) بابەتێکى دەربارەی ( فریاگوزاری سەرەتایی دەروونی لە شوێنی کاردا ) پێشکەشکرد و بەوردى و بەشێوەیەکى کردارى هەنگاوەکانى ئەو بوارەى بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.
لە بەشى كۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا لەلایەن بەشێک لە چارەسەرکەرانی چارەسەرى سروشتی لە سێنتەری ئایلان چەند ڕێنمایيەک پێشکەش بە ئامادەبووان كرا، كە تایبەت بوو بة چۆنیەتی ئەنجامدانی چەند وەرزشیک و، شێوازی دروستی مامەڵەکردن لەگەڵ کارەکان لە کاتى کارکردندا.