شاندێکى زانکۆى تەکنەلۆجى لە عێراق سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
لە بەرامبەر هاوکاریکردنى بەڕێوەچوونى کەمپى ئاسایشى ئەلکیترۆنى زانکۆکەیان بەسەرکەتوویی لە هەرێمى کوردستان، زانکۆى تەکنەلۆجى- عێراق سوپاس و پێزانین پێشکەش بە پڕۆفیسۆر دکتۆرە ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆرە ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازیى لە شاندێکى زانکۆى تەکنەلۆجى عێراق بەسەرۆکایەتى دکتۆر عودەى عەلى ئەحمەد کرد، کە بەهاوڕێیەتى شاندێکى کۆمپانیای فایروۆڵ (FIREWALL) بۆ ئاسایشی زانیاری لەپەراوێزى مەراسیمى تەواوبونى کەمپى ئاسایشى ئەلکیترۆنى زانکۆکەیان سەردانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد.
لە دیدارێکدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و چۆنیەتى گەشەکردنى زانکۆکە لە ڕووى چۆنایەتى و چەندایەتى و بەتایبەتی لە بواری خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئەو هەنگاوانەی زانکۆکە لە بواری گۆڕینی دیجیتاڵیدا بەدەستیهێناوە پێشکەش بەشاندى میوان کرد، پاشان گفتوگۆیان لەبارەى پەرەپێدانی میکانیزمەکانی واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری لە بواری ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی نێوان زانکۆی جیهان و زانکۆی تەکنەلۆجی کرد.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى چالاکییەکانی (کەمپی ئاسایشی ئەلیکترۆنی زانکۆی تەکنەلۆجی) لە هەرێمى کوردستان کرا، بۆ ئەوەش شاندى میوان سوپاس و پێزانینى تایبەتیان پێشکەش بە پڕۆفیسۆر دکتۆرە ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، لە بەرامبەر پێشکەشکردنى هاوکارییەکانى و کارئاسانیکردن بۆ کارەکانیان لە هەرێمى کوردستان.
لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا، زانکۆی تەکنەلۆجی عێراق بە هاوکاری کۆمپانیای فایروۆڵ بۆ ئاسایشی زانیاری و بەهەماهەنگى زانکۆى جیهان-هەولێر لەسنورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک بەبەشدارى زیاتر لە ٧٠ فێرخوازى زانکۆکە لە قۆناغە جیاکانى خوێندن (کەمپی مەشق و ڕاهێنانى بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی)یان بەڕێوەبرد، کۆتا ڕۆژى کەمپەکەش لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، کە تیایدا بڕوانامەى بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر فێرخوازاندا دابەشکرا.