شێوازە چەندایەتییەکان و ئامارە کارپێکراوەکان، پانێڵێکەى دیکەى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە دارایی و کارگێڕییەکانى زانکۆی جیهان – هەولێر بوو
هەر لە چوارچێوەى بەڕێوەچوونى یەکەمین ڕۆژى کارەکانى پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی وۆچ لە پۆڵەندا و زانکۆی موسڵ لە بوارى زانستە دارایی و کارگێڕییەکاندا، پانێڵێک تەرخانکرا بۆ خستنەڕووى توێژینەوەکانى پەیوەست بە شێوازە چەندایەتیەکان و ئامارە کارپێکراوەکان.
پانێڵەکە لە هۆڵی (VIP) ی زانکۆی جیهان بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکایەتى پانێڵەکەى دەکرد، هاوکات پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عراق تاریق عەباس بڕیاردەرى پانێڵەکە بوو، بۆ ئەوەش چەند توێژینەوەیەک پێشکەشکران، سەرەتا بە پێشکەشکردنى وتارێکى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عەمار ئەلبازی لە زانکۆی ئەستۆن لە بەریتانیا دەستپێکرد، لە میانەى وتارەکەیدا بەڕوونى باسی لە بەکارهێنانی بلۆکچەین و زیرەکی دەستکرد کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەی بە ڕۆڵى گرنگى ئەو تەکنەلۆژیایانە لە کەمکردنەوەی شکستەکان و بەرزکردنەوەی شەفافیەت و باشترکردنی بڕیاردان و، زیادکردنی ڕەزامەندی کڕیار کرد.
دواتریش چەند توێژینەوەیەکى زانستى گرنگ لەلایەن توێژەرانى بەشداربوو پێشکەشکران، بۆ ئەو مەبەستە پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حمید السلامی لە زانکۆی جیهان – هەولێر توێژینەوەیەکی لەبارەى بەکارهێنانی فێربوونی ئامێر و تۆڕە دەمارییە دووبارەبووەکان بۆ باشترکردنی پێشبینی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی پێشکەش کرد، وتیشى ئەو ئامێرانە بەشێوازێکى کاریگەر بەشداری لە پلاندانان بۆ بەرهەمهێنان و ستراتیژییەکانی بازاڕ دەکات.
دواتر پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئالان غەفور ڕەحیم لە زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر توێژینەوەیەکی لەسەر شیکاری شەپۆل پێشکەش کرد، کە تیایدا بەشێوەیەکى ورد باسى لە بابەتەکەدا کرد و وتى: بابەتەکە وردبینییەکی گرنگ بە بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەکان دەخاتەڕوو، چونکە شێوازە کلاسیکیەکان لەسەر بنەمای سزاکان دامەزراون. هەروەها پرۆفیسۆر دکتۆر عەبدولڕەحیم خەلەف ڕاحی لە زانکۆی ئەلئەمین لە ڕێگەى خستنەڕووى توێژینەوەکەیدا باسى لە ڕێبازێکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی کوالیتی کرد بۆ باشترکردنی پرۆسەکانى دۆزینەوەی کەموکوڕییەکان لە پرۆسەکانی بەرهەمهێناندا.
کۆتایی پانێڵەکە بە گفتوگۆیەکی کارلێککارانەى نێوان توێژەران و ئامادەبووان زیاتر دەوڵەمەند کرا، کە تێیدا دەرفەتی پرسیارکردن و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی پێشکەشکراو بە بەشداربووان درا، بۆ ئەوەش ئامادەبوان و بەشداربوان بیروڕاى زانستیان ئاڵوگۆڕ کرد و، ناوەڕۆکى توێژینەوەکانیان دەوڵەمەندتر کرد.