فیرخوازانى بەشی ژمێریاری سەردانى دیوانی چاودێری دارایی لە هەولێر دەکەن
ڕۆژی سێشەممە، ریکەوتى 14/10/2025، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری سەردانێکی زانستی بۆ دیوانی چاودێری دارایی لە هەولێر بۆ ژمارەیەک لە فیرخوازانى قۆناغی دووەم ڕێکخست.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستا ڕێبین بیلال محەمەد بەڕێوەچوون، سەرەتا فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن موحسین محەمەد ساڵح بەڕێوەبەری ڕاهێنان و تەکنیکی و، وەزیر کەمال ساڵح ڕاهێنەر، پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوڕێیەتى فیرخوازان کرا بۆ بەسەرکردنەوەى بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و تەکنیکی، لەوێیش فیرخوازان لەلایەن کارمەندانى بەرێوەبەرایەتیەکە ئاشناى ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان و وردبینە باڵاکان کران، کە لە ناو دامەزراوەکەدا بەڕێوەدەچێ.
لە بەشیکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان ئاشناى لایەنەکانى دیکەى چاودێرى دارایی کران، بۆ ئەوەش موحسین محەمەد ساڵح وتى: دیوانى چاودێرى دارایی پێداچوونەوە بەسەرجەم کاروباری دارایی لە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش دوای پەسەندکردنی بودجەی هەر وەزارەتێک لەلایەن نووسینگەی وردبینی و وەزارەتی دارایی. دوای ئەم پەسەندکردنە، دیوانی چاودێری دارایی دەست بە وردبینیکردنی ژمێریاری هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون و شەفافیەت.
لە بەشێکی دیکەى سەردانەکەیاندا، فیرخوازان لەگەڵ محەمەد مستەفا زراری بەڕێوەبەری گشتی دیوانى چاودێرى دارایی کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەرى گشتى ئاماژەى بە ریگە جیاوازەکانى چۆنیەتى کۆنترۆڵکردنی داهاتی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەت بۆ فیرخوازان کرد و، رونیکردەوە وردبینى و پشکنینی مەیدانی ئەنجام دەدەن، بەڵگە کۆدەکەینەوە، و ڕاپۆرتی گشتگیر بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر ئامادە دەکەن و دواتریش کار لەسەر ئەنجامەکانى دەکەین.