فیرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ چالاکی فریاگوزاری سەرەتایی لە قوتابخانەیەک بەڕێوەدەبەن
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی (٥/٢/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکی فریاگوزاری سەرەتاییان لە قوتابخانەی (ڕوانین)ی بنەڕەتی تێکەڵاو لە شارى هەولێر ئەنجامدا.
ئەو فێرخوازانەی زانکۆی جیهان-هەولێر سەرەتا بە گەرمی لەلایەن مامۆستا (ساهیرە محمد) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەپێشوازیان لێکرا، پاشان لە میانەى چالاکیەکەیاندا کە بە ئامادەبوونی قوتابییان و مامۆستایانی قوتابخانەکە بەڕێوەچوو، فێرخوازان بەشێوەی زانستى ئامادەبوانیان ئاشناى ڕێگەکانى چۆنیەتی ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی کرد. لە بەشێکی تری چالاکیەکە، بە شێوەی کرداری قوتابییان و مامۆستایانی قوتابخانەکە لەلایەن فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕاهێنانیان لەسەر چۆنیتی ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی لەکاتی ڕودانی ڕوداوە نەخوازراوەکان پێکرا، ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستى هۆشیاری تەندروستى ئامادەبوان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژانە، وەک برینی سووک، سووتاوی یان بێهۆشبوون، هەروەها تواناى کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و یارمەتیدان بۆ پێشکەشکردنی پشتگیری سەرەتایی تاوەکو چاودێری پزیشکی پسپۆڕ دەگاتە دەستیان.
لە کۆتاییدا، مامۆستایان و قوتابییانی قوتابخانەکە سوپاسگوزاری خۆیان دەربڕی بۆ ئەوچالاکیە و هیوای بەردەوامی پێدانی ئەوجۆرە چالاکیەیان خواست لە قوتابخانەکان.