فێرخوازانى ئەندازیارى تەلارسازی دیزاینى پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەسەردەکەنەوە
بۆ لە نزیکەوە بینینى چۆنیەتى جێبەجێکردنى پڕۆژەکان، سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامە لە ڕێکخستنى سەردانە مەیدانیەکانى بۆ فێرخوازانى بەشەکە لە قۆناغە جیاکان.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٠-٩-٢٠٢٢) هاوکات لەگەڵ بابەتی (دیزاینی تەلارسازی – دیزاینی ڤێلا) بەشێوەیەکى تیۆرى، بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر ئەسما ئەحمەد مستەفا فێرخوازانى قۆناغی دووەم سەردانى ( پارک سامی عبدالرحمان )یان لە شاری هەولێر کرد.
لە میانەى سەردانە زانستیەکەیاندا، لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار فێرخوازان بەوردى ئاشناى چۆنیەتى دانانى دیزاینى پارکەکان کران، هەروەک ئەوەش ڕونکرایەوە کە دەبێ لە دیزاینى پارکى گشتیدا ڕەچاوى ژینگەیەکى کراوە و کەشێکى ئارام بکرێ، بەشێوەیەک گەشتیاران لەکاتى سەردانیکردندا هەست بکەن لە ژینگەیەکى تەندروستدا، کە دورە لە ژاوە ژاوە و جەنجاڵى، سەردانە زانستیەکە بەگفتوگۆى نێوان مامۆستایان و فێرخوازان درێژەى کێشا.