فێرخوازانى ئەندازیارى دیزاینى ناوخۆیی ئاشناى دیزاینى مزگەوت دەکرێن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٧/٢/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی لە زانکۆی جیهان-هەولێر؛ سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بۆ بەسەرکردنەوەى دیزاینى مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر بەڕێوەبرد.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ئەوس احمد بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لەلایەن سالار ڕەشید بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مزگەوت پێشوازییان لێکرا، ئینجا هاوڕیەتى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاوازەکانى مزگەوتەکە، لەوانەش باخچە و خزمەتگوزارییەکانى وەک شوێنی دەستنوێژ و حەوشەی دەرەوە و هۆڵی بۆنە و چالاکیەکان، جگە لە چوونە ناو هۆڵی نوێژکردن، بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستاى سەرپەرشتیار بە وردى باسى شێوازی دیزاینی مزگەوتەکە و شێوازی دروستکردنی مزگەوتەکەیان بۆ کرا، جگە لە ئاشناکردنیان بە پێکهاتەکانى ناوەوەی مزگەوتەکە وەک میحراب و مینبەر و ستوون و کەوانە و منارە و قوبە و دیکۆراتەکان.
هەر لە میانەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان کۆمەڵێک زانیارى و داتای بنەڕەتییان کۆکردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی تەلارى ئیسلامی، کە تیشک دەخاتە سەر بوونی توخمە گرنگەکانی ئەم دیزاینە بۆ ئەوەی لە دیزاینی پڕۆژە ئیسلامییەکان لەبەرچاو بگیرێت.