فێرخوازانى ئەندازیارى شارستانى کارگەى چیمەنتۆ بەسەردەکەنەوە
لە چوارچێوەى چالاکیە مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى شارستانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ فێرخوازانى لە قۆناخە جیاکان، کارگەى چیمەنتۆى قەرەچوخیان بەسەرکردەوە.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٣/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى دکتۆر ئیسماعیل خەلیفە و، خاتوو مەیس عبدالرزاق ئیبراهیم، فێرخوازانى قۆناخى دووەمى بەشى ئەندازیارى شارستانى سەردانى کارگەى چیمەنتۆى قەرەچوخیان کرد.
بەگەیشتنیان لەلایەن ئەدهەم عوبێد بەڕێوەبەرى ڕاهێنان لە کارگەکە بەگەرمى پێشوازیان لێکرا، پاشان گەڕانێکیان بەناو کارگەکەدا کرد و، بەشە جیاکانى کارگەکەیان بەسەرکردەوە، کە ڕۆژانە تواناى بەرهەمهێنانى (٥٠٠٠) تەن چیمەنتۆى هەیە، لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا فێرخوازان لەلایەن سەرپەرشتیارانى کارگەکە ئاشناى قۆناخە جیاکانى بەرهەمهێنانى چیمەنتۆ کران، هەر لە قۆناخى هێنان و ئامادەکردنى کەرەستەی خاو بەبۆرى تایبەت لە چیاکان بۆ ناو کارگەکە ڕەوانەکردنى بۆ ناو تەنووری گەرمکردن و سوتاندن بۆ قۆناخى ئامادەکردن بۆ بازاڕ.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، مامۆستایان و فێرخوازان بەیاوەرى ئەندازیارى بەرهەمهێنان ئارێز هۆشیار و، مەئمون عوبیدات بەڕێوەبەرى بەرهەمهێنان ویستگەى بەرهەمهێنان و، وێستگەى کارەبا و تاقیگەکانى پەیوەست بەکواڵیتى چیمەنتۆ و تایبەتمەندییە میکانیکى و فیزیایەکانیان بەسەرکردەوە.
لە کۆتایى سەردانەکەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار بەناوى سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى شارستانى سوپاسى سەرپەرشتیار و ئەندازیار و بەڕێوەبەرى کارگەکەیان کرد بۆ ئەو پێشوازیە و، وەڵامدانەوەى سەرجەم پرسیارى فێرخوازان.