فێرخوازانى ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆ بە سەردانێکى زانستی و مەیدانیی کۆمپانیای (The Kitchen) بەسەردەکەنەوە
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەکان و پەرەپێدانی لایەنی پڕاکتیکیی فێرخوازان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٣٠/١١/٢٠٢٥)، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی مەیدانییان بۆ کۆمپانیای (The Kitchen) ئەنجام دا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (لانا شەهاب ئەحمەد) ڕێکخرا و، لەلایەن (عومەر عەزیز عەبدوڵڵا)، نوێنەری کۆمپانیاوە پێشوازی لە فێرخوازان کرا. لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، سیمینارێکی مەیدانی پێشکەش کرا کە تێیدا تیشکى خستە پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە کارگەکە و ستراتیژییەکانی ڕێکخستنی بەرهەم لە هۆڵی پیشانگەکە، هاوکات شیکردنەوەی تایبەتمەندی لە بارەى تەکنیکییەکانی ماددەکانی وەک (MDF, HPL, Acrylic) و ڕووکەشە ڕەقەکان (Solid Surfaces)، بە ڕەچاوکردنی هاوکێشەی نێوان پتەوی (Durability)، جوانکاری (Aesthetics) و خواستی بەکارهێنەر پێشکەش کرد، دواتریش تیشکى خستە سەر ناساندنی جۆرەکانی یەکەکانی مەتبەخ، زۆنە وەزیفییەکان (Functional Zones)، و چارەسەرە زیرەکەکانی کۆکردنەوە (Storage Solutions).
لە کۆتایشدا، فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشناى وردەکارییەکانی دیزاین و شێوازی بەستن (Installation)ی مەتبەخە مۆدێرنەکانیان بوون، هاوکات لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا فێرخوازان گفتوگۆیان لەبارەى جێبەجێکردنی پێوەرە ئەندازیارییەکان کرد بەتایبەت ئەرگۆنۆمیکس (Ergonomics) بۆ جووڵەی بەکارهێنەر و، جێبەجێکردنی یاسای سێگۆشەی کار لەگەڵ گرنگیی دابەشکردنی ڕووناکی و کاریگەریی ڕەنگ و ڕووکەشە کۆتاییەکان (Finishes) لەسەر کەشی گشتیی بۆشاییە ناوخۆییەکان.






