فێرخوازانى ئەندازیاری شارستانی لە بوتڵى ئاوى خواردنەوەدا بلۆکی کۆنکرێتى دروست دەکەن
ڕۆژانە بەهۆی بەکارهێنانی بتڵی ئاوی پلاستیکی، بۆتە هۆکارێک بۆ پیسبوونى ژینگە و، زیادبوونی ڕێژەی پاشماوەکان لەسەر زەوى، بەڵام لە بەشى ئەندازیاری شارستانی زانکۆى جیهان-هەولێر لە چالاکیەکى زانستیدا فێرخوازان سوود لەو بوتڵانە بۆ کارى ئەندازیارى وەردەگرنەوە.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (5/10/2022) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر مەیس عەبدولڕەزاق ئیبراهیم، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى چوارەم بڕیاریاندا بەدواداچوون بۆ بەکارهێنانی بتڵی ئاوی پلاستیکی بۆ کارى کۆنکرێت بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش تاقیکردنەوەیەکى زانستیان ئەنجامدا.
لەسەرەتاى چالاکیەکەدا، فێرخوازان کۆمەڵێک بوتڵى پلاستیکیان کۆکردەوە، پاشان سەرجەمیان ورد کرد، دواتر بەهۆى ئامێرێکى تایبەت و بەهێزی پەستان لەقاڵبێکى بلۆکی کۆنکرێتیان دا، پاشان فێرخوازان لە تاقیگەى تایبەت پشکنینیان بۆ ئەنجامى کارەکەیان لەگەڵ کۆنکرێتی ئاسایی کرد و ئەنجامێکى دڵخۆشکەرى لێکەوتەوە.
زیادکردنی پلاستیک بۆ کارى ئەندازیارى و سوود وەرگرتن لە پاشماوەى پلاستیک هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە هەروەها باشترکردنی تایبەتمەندیەکانی کۆنکرێت، بەو پێیەی ئەم جۆرە پلاستیکە بە عەزلی گەرمی دادەنرێت چونکە بۆشاییەکانی ناو کۆنکرێتەکە پڕدەکاتەوە و کاریگەری گەرمی کەمدەکاتەوە بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، جگە لەوانەش لە ڕووى داراییەوە تێچووی کەمترى پێویستە بۆ بەرهەمهێنان.