فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٨/١١/٢٠٢٣) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەم لە بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (سارا محمد حمید) لە شارى هەولێر سەردانى (قوتابخانەى نێودەوڵەتى سیدرز)یان کرد و سمینارێکیان لەبارەى نەخۆشى شەکرە پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەسەرەتادا بەگەرمى لەلایەن مامۆستا هیبە حەمادی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە کە بەئامادەبونى ژمارەیەک لە مامۆستایان و قوتابیانى قوتابخانەکە بەڕێوەچوو، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بابەتەکەیان پێشکەش بە قوتابیان کرد، هاوکات لەگەڵ پێشکەشکردنى بابەتەکەیاندا پشکنینى شەکرەیان بۆ قوتابیانى ئامادەبوو کرد و، لە کاتى پشکنینەکەشدا زانیاری تەواویان لە بارەى نەخۆشى شەکرە و هۆکارەکانى توشبون و چۆنیەتى خۆپارێزى و چارەسەرکردن پێشکەش بە قوتابیان کرد، ئەوەش گفتوگۆى قوتابیانى قوتابخانەکە و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى بەدواى خۆیدا هێنا بەتایبەت لە گرنگی شێوازی ژیانی تەندروست و تێگەیشتن و چۆنیەتى کۆنتڕۆڵکردنى نەخۆشی شەکرە هەر لە تەمەنێکی بچووکدا، ئەمەش وایکرد منداڵانی قوتابخانە تێڕوانینێکی پراکتیکی بەدەستبهێنن بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی شەکری خوێن.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، بەڕێوەبەرى (قوتابخانەى نێودەوڵەتى سیدرز) سوپاسى فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ و زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕێکخستنى ئەو چالاکیە، هیواشى خواست لەو جۆرە چالاکیەدا بەردەوام بن بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى لەناو تەواوى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە.