فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ چالاکیەکى هونەرى لە بوارى سیرامیک ئەنجام دەدەن
فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەشدارییان لە وۆرک شۆپێکی ڕاهێنانیدا کرد سەبارەت بە هونەری سیرامیک، کە ڕۆژی سێشەممە، (١٤/١٠/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو. ئەم وۆرک شۆپە بە دەستپێشخەریی فێرخواز هوما خدر سەعید، فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشەکە، ئەنجامدرا .
وۆرک شۆپەکە فێرخوازانى قۆناغی دووەم و سێیەم بەشدارییان تێدا کرد و، چالاکیەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستا شوکر عەبدوڵڵا لە گەلەرى هونەری جیهان لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەڕێوەچوو. لە میانی وۆرکشۆپەکەدا فێرخوازان سەرەتا ئاشناى بنەماکانی پەیکەرسازی و دیزاینی گڵکاری بوون، دواتریش بە شێوەیەکی پراکتیکی کاریان بە گڵی سیرامیک کە بە (Stoneware) ناسراوە، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان کۆمەڵێک کاری هونەری جۆراوجۆر وەک گڵدان، کوپ، قاپ و چەندین شتی دیکەی ڕازاوە دروستکرد، هەروەک لە ڕێگەى ئەو کارە هونەرییە پراکتیکیەوە، فێرخوازانى بەشداربوو فێری تەکنیکەکانی شێوەدان، ڕەنگکردن و نەخشاندن بوون بۆ نیشاندانی بیرۆکە هونەرییە تاکەکەسییەکانیان.
ئەم چالاکییە هونەرییە بووە دەرفەتێکی ناوازە بۆ فێرخوازان تا پەیوەندی نێوان هونەر و زانست دروست بکەن، هەروەک هانی پەرەپێدانی لێهاتووییە وردەکانیدان، لەگەڵ ئارامگرتن و سەرنجدان بە وردەکارییەکان، کە تایبەتمەندییانە لە هەردوو کاری تاقیگەیی و هونەریدا پێویستن.






