فێرخوازانى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك باس لە ئاسایشى ئەلیکترۆنى بۆ قوتابیانى قوتابخانەکەیەک دەکەن
لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستى هۆشیارى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە سەبارەت بە ئاسایشى ئەلیکترۆنى و، وەک بەشێک لە پتەوکردنى پەیوەندی نێوان زانکۆ و ناوەندەکانى پەروەردە، دوو فێرخوازى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانى قوتابخانەى شادانى بنەڕەتى کچانیان لە شارى هەولێر کرد و، لەلایەن هەوار سەردار ئەحمەد بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا و، سمینارێکەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٩ /٢/٢٠٢٥) هەریەک لە ڤینۆس مامند حاجی و ئارمان زکری عزیز فێرخوازانى قۆناغى چوارەم، لە هۆڵى قوتابخانەی شادانی بنەرەتێ کچان سیمینارەکەیان لەبارەى گرنگی تەکنەلۆژیا، بنەماکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و، کاریگەریی بەرنامەسازی لە لایڤەکانی ڕۆژانە پێشکەش کرد، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە وردى باسیان لە بابەتەکانی بەکارهێنانی سەلامەتی ئینتەرنێت، گرنگی بەرنامەسازی لە سەردەمی دیجیتاڵی و، کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر داهاتووی پەروەردە و کارکردن کرد، پاشان دەرفەت بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرا، سەرەنج و پرسیارەکانیان سەبارەت بە ناوەڕۆکى سمینارەکە بخەنە ڕوو، لەو چوارچێوەیەدا و لە وەڵامى پرسیارەکاندان، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک ئامۆژگارییان پێشکە بە قوتابیان کرد، کە تایبەت بوون بە چۆنیتى و کاتى بەکارهێنانى تەکنەلۆژیا و مۆبایل و ئینتەرنێت.
لە بەرانبەر ستافى کارگێڕى قوتابخانەکە سوپاس و دەستخۆشیان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ بەڕێوبردنى سمینارەکە و پێشکەشکردنى ئەو زانیارییە گرنگانە بە قوتابیانى قوتابخانەکەیان و، دڵخۆشی خۆیان بەم ئەزموونە دەوڵەمەندە پەروەردەییە دەربڕی.