فێرخوازانى بەشى (ئەندازیارى تەلارسازى) کۆرسى خوێندنەکەیان لە پۆڵندا بەسەرکەوتوویی تەواو کرد
فێرخوازانى بەشی (ئەندازیارى تەلارسازى) زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە چوارچێوەى پرۆگرامی ئیراسمۆس پڵەسی (+ERASMUS) یەکێتی ئەوروپا بۆ درێژەدان بە خوێندن لە پۆڵندا دەستیشانکرابوون، کۆرسى خوێندنەکەیان بەسەرکەوتویی تەواو کرد.
ڕەند شاکر مەحمود و، مهند قەیس عەبدوڵلا لە بەشى (ئەندازیارى تەلارسازى) لە ماوەى مانەوەیان لە پۆڵندا بەشێوەیەکى پراکتیکى و تیورى لەلایەن ستافى زانستى بەشە هاوشێوەکانیان ڕاهێنانیان پێکرا و، لە تاقیگەکاندا بەشدارى چەندین چالاکى زانستیان کرد، هاوکات لە پاڵ خوێندنى ئەکادیمى و چالاکى زانستیدا بەشدارى چەندین چالاکى هونەرى و ئاڵوگۆڕى کلتوریان لەو وڵاتەدا کرد.
فێرخوازانى بەشى (ئەندازیارى تەلارسازى) زانکۆى جیهان-هەولێر وەک لە بڕوانامەکانیان دیارە لە باشترین فێرخوازەکانى هاوپۆلەکانیان لەو وڵاتە بوون و، توانیان بە نمرەی بەرز و بەسەرکەوتویی ئەو کۆرسەى خوێندن لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵندا تەواو بکەن.
زانکۆی جیهان – هەولێر هەمیشە پلانێکی ستراتیژی و گەشەپێدانی بەردەوامى بۆ فێرخوازان هەیە، ئەمساڵێش لە بەردەوامى کارە هاوبەشەکانى و بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنان، زانکۆکەمان بۆ جارێکى دیکە لە چەند ڕۆژى ڕابردودا دهرفهتێكی زێرینى پرۆگرامی ئیراسمۆس پڵەسی (ERASMUS PLUS) یەکێتی ئەوروپا ، بۆ فێرخوازان و ستافى زانستى ڕاگەیاند.