فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ؛ سیمینارێکى هۆشیاری لە بارەى ئەکزیما پێشکەش بە فێرخوازانى ئامادەیی سەردەم دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (29ی 1ی 2025)، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ، سەردانى قوتابخانەى ئامادەیی سەردەمیان لە شارى هەولێر کرد و سمینارێکى زانستییان بەناونیشانی “ئەکزیما: نەخۆشی و خۆپاراستن” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
چالاکیەکە، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر بەختەوەر زیاد عومەر بەڕێوەچوو، کە فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا عەلى جەبار بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، سوپاسى فێرخوازنى کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی هۆشیارى تەندروستییە.
پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە، بە ئامادەبوونی قوتابیانی پۆلی دەیەم ؛ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش سەرەتا ڕوونکردنەوەیەکی وردیان لەسەر ئەکزیما پێشکەش بە قوتابیان کرد، کە تیایدا دواى ناساندنى ئەکزیما، ئینجا باسیان لە هۆکارەکان و دەرکەوتن و نیشانەکانی پەیوەست بەو حاڵەتە کرد، ئینجا تیشکیان خستە سەر نوێترین ڕێگەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و تەنانەت خۆپاراستن لە نەخۆشییەکەش. بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک ئامۆژگاریان پێشکە بە قوتابیان کرد بۆ چۆنیەتى خۆپاراستن و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە ئەکزیما.
لە کۆتایی سیمنارەکەیاندا، فێرخوازان بڕوانامەی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە مامۆستا عەلی جبار بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە کرد و، بەناوی سەرۆکى بەشی بایۆمیدیکاڵ سوپاسى ڕەخساندنى ئەو دەرفەتەیان کرد.