فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ؛ لە قوتابخانەی نموونەیی هەولێرى کچان باس لە جۆرەکانی خوێن (ABO) دەکەن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٦/١٠/٢٠٢٥) ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی سێهەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) سەردانى قوتابخانەی نموونەیی هەولێرى کچانیان کرد و چالاکیەکى زانستیان بۆ قوتابیان ئەنجامدا.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا شاخەوان عومەر بەڕێوەبەر و مامۆستا سوهە جەمال یاردەدەرى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، ئینجا لە هۆڵى قوتابخانەکەدا بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەکە لە دوو وتەى جیادا دەستخۆشى لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان بە گرنگ بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە لە قەڵەمدا، پاشان فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بە شێوەیەکی زانستییانە ووردەکارییەکانی پۆلێنکردنی جۆرەکانی خوێن و گرنگیی بایۆلۆجی و پزیشکییان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ڕوون کردەوە، بەتایبەتی سیستمی (ABO)، کە بنەمایەکی سەرەکیی خۆڕاگریی مرۆیی و گواستنەوەی خوێن پێکدەهێنێت. پاشان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکیان خستە سەر پێکهاتەی ئەنتیجین و دژەجەستەکان و چۆنیەتیی کارلێکییان لە دیاریکردنی جۆری خوێندا. هەر لە چوارچێوەی چالاکیەکەیاندا و، بە ئامانجی قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی قوتابیان و پاڵپشتیکردنیان بۆ تاقیکردنەوە کۆتاییەکانیان، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ شیکردنەوەیەکی تایبەتیان بۆ میکانیزمی سیستمی (ABO) پێشکەش کرد، کە گونجاو بوو لەگەڵ پڕۆگرامی خوێندنی وانەی زیندەزانیی پۆلی دوازدەهەم، بۆ ئەوەش ئاماژەیان بە پەیوەندی نێوان چەمکە تیۆرییەکان بە لایەنە پراکتیکە کردارییەکان کردەوە، وێڕای ئاماژەدان بە حاڵەتە کلینیکییەکان و گرنگیی زانینی جۆری خوێن لە نەشتەرگەری و بارودۆخە پزیشکییە خێراکاندا.
لە کۆتایی چالاکیەکەیاندا، بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەکە بڕوانامەى ڕێزلێنانیان پێشکەش بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیان بۆ هەوڵەکانی فێرخوازان و بەشدارییە بەنرخەکەیان لە دەوڵەمەندکردنی زانیارییە زانستییەکانی قوتابیانی قوتابخانەکەیاندا دەربڕی.