فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ ئەزموونی پراکتیکی لە چۆنیەتى چاندنی قارچک و دیاریکردنی ژەهراوییبوونیدا بەدەست دەهێنن
لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی لایەنی پراکتیکی فێرخوازان، سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم ڕێکخست.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 2/11/2025، بەڕێوەچوو، فێرخوازان بە سەرپەرشتی هەریەک لە مامۆستاى یاریدەدەری هێرۆ ئیسماعیل محەمەد و مامۆستاى یاریدەدەری بەختەوەر زیاد عومەر سەردانێکی زانستی مەیدانییان بۆ کۆمپانیای “دۆڵی قارچک” لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
لە کاتی گەیشتنیان، خاتوو سەرگوڵ محەمەد مارف، خاوەن و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، بە گەرمی پێشوازی لە خوێندکاران کرد. پاشان بەشێوەیەکى تێروتەسەل باسى لە قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی قارچک بۆ فێرخوازان کرد و وتى: پرۆسەکە لە کۆکردنەوەی سپۆرەکانەوە دەست پێ دەکات و بە تەکنیکەکانی چاندن و ئامادەکردنی ژینگە گونجاوەکاندا تێدەپەڕی، هەروەها جەختی لەسەر بەکارهێنانی فاکتەرە سەرەکییەکان بۆ گەشەیەکی باشی قارچک کردەوە.
بەشێکی گرنگی سەردانەکە ئاشناکردنى فێرخوازان بوو بە چۆنیەتی جیاکردنەوەی قارچکی خۆراکی لە قارچکی ژەهراوی. جگە لەوەش، ڕێکارەکانی دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوەی ژەهراوییبوون بە وردی بۆ فێرخوازان ڕوونکرانەوە. ئەم وێستگەیەى سەردانەکە وایکرد فێرخوازان تێگەیشتنێکی قووڵیان هەبێت لە نیشانە بایۆلۆجی و بایۆکیمیاییەکانی ژەهراوییبوون، کە لایەنێکی بنەڕەتییە لە بواری مایکرۆبایۆلۆژیای جێبەجێکراو و سەلامەتی خۆراکدا.
سەردانەکە بە گەشتێک لە بەشەکانی پاکەتکردن و عەمبارکردندا کۆتایی هات، کە تێیدا فێرخوازان بەوردى ئاشنای قۆناغە کۆتاییەکانی بەرهەمهێنانی قارچک و شێوازەکانی پاراستنی بوون.
لە کۆتاییدا، مامۆستاى یاریدەدەری مامۆستا هێرۆ ئیسماعیل محەمەد، بە ناوى سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ سوپاسى خاتوو سەرگوڵ محەمەد مارف کرد بۆ پێشوازی گەرم و میواندۆستیە و ئاشناکردنى فێرخوازان بە کاروبارى کۆمپانیاکەیان.







