فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ باس لە پەرەپێدانى تواناى کەسى دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٣/٢/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی قوتابخانەی سەردەمی ئەهلییان لە شارى هەولێر کرد و، سیمینارێکی هۆشیاریییان بەناونیشانی “پەرەپێدانی کەسی” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى لە لایەن مامۆستا عەلی جبار صابر بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەردەمی ئەهلی بە فەرمی پێشوازی لێکرا، ئینجا لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى سیمینارەکەیان پێشکە بە قوتابیانی پۆلی (١١) لە قوتابخانەکە کرد، لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازان لە چوارچێوەى پەرەپێدانى کەسیدا باسیان لە گرنگی دانانی ئامانجی کەسی، پەرەپێدانی تواناکانی ژیان و، بەرەوپێشبردنی بیرکردنەوەی ئەرێنی کرد، ئەمە جگە لە ستراتیژییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگە ئەکادیمییەکان و پیشەییەکان، لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا فێرخوازان باسیان لە گرنگی پەرەپێدانى تواناى کەسى و لایەنى سۆزداری و بەڕێوەبردنی کات و دروستکردنی متمانە بەخۆبوون کرد، هەروەک جەختیان لەسەر پێویستی ئیرادە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا کردەوە.
لە کۆتاییدا فێرخوازان بەناوی سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ سوپاسى مامۆستا عەلی جبار صابریان کرد بۆ ئاسانکاری بۆ دەرفەتی ئەنجامدانی سیمینارەکە لە قوتابخانەی سەردەمی ئەهلی.