فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە پرۆژەى ئیفرازى ئاوى هەولێر ئاشناى سیستمەکانى پاککردنەوە و دابینکردنى ئاو دەکرێن
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ئەنجامدا.
لە میانەى گەشتە زانستیەکەیادا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر زەهراخان مەعروف تاهیر فێرخوازان سەردانى وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی ئیفرازیان کرد و، بە گەیشتنیان بە گەرمی لەلایەن ئەندازیار ساڵح عوسمان مستەفا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئیفراز ٢ و، ئەندازیار محەمەد تاریق مەولوود، یەکێک لە ئەندازیارانی پڕۆژەکە، پێشوازییان لێکرا. لەو چوارچێوەیەدا ئەندازیاران، لە میانەى بەسەرکردنەوەى پرۆژەکەدا شیکردنەوەیەکی تەواویان پێشکەش بە فێرخوازان کرد سەبارەت بە سیستمی دابینکردنی ئاو و ئەو قۆناغانەی کە پرۆسەی پاککردنەوەی ئاو پێیدا تێدەپەڕێت، هاوکات باسى ئەو ڕێکارانەیان کرد، کە بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی و سەلامەتی ئاو پێش گەیشتنی بە بەکاربەران پەیڕەو دەکرێن.
هەروەها ئەندازیار محەمەد تاریق مەولوود هەنگاوە جیاوازەکانی پشکنین و چارەسەرکردنی ئاوی ڕوون کردەوە، لەوانەش تاقیکردنەوە کیمیاییەکان کە ئەنجام دەدرێن بۆ دڵنیابوون لە گونجاویی ئاوەکە بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە چۆن ماددە کیمیاییە دیاریکراوەکان زیاد دەکرێن بۆ دەستنیشانکردنی پیسبوون، چونکە گۆڕانی ڕەنگی ئاو بۆ کاڵ ئاماژەیە بۆ بوونی پیسبوون، لە کاتێکدا ڕەنگی تۆخ ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئاوەکە سەلامەتە. هەروەها باسی لە پێوانەکردنی پلەی ترشی (pH) و ئاستی سۆدیۆم بە بەکارهێنانی ئامێری تایبەتمەند کرد، پێش ئەنجامدانی کۆتا هەنگاو کە بریتی بوو لە پاککردنەوە بە کلۆر.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر سوپاسى ئەندازیارانى کرد بۆ پێشوازی گەرم و شیکردنەوە سوودبەخشەکەیان.
`







