فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ هەڵمەتێکی هۆشیاری دەربارەى شێرپەنجەی مەمک لە هەولێر بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٨/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد، چالاکییەکی هۆشیارییان لەبارەی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەبرد.
بۆ ئەو مەبەستە فێرخوازان سەردانى چەندین شوێنی جیاوازی شاری هەولێریان کرد ، لەوانە مۆڵی گۆڵان و ژمارەیەک لە چێشتخانەکان. فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە میانی هەڵمەتەکەدا، پۆستەر و بڕۆشوری هۆشیارکەرەوەیان بەسەر هاوڵاتیان و ڕێبواران و دوکانداران دابەشکرد، هەروەها زانیاریی سەرەتاییان پێشکەش بە هاوڵاتیان کرد سەبارەت بە ڕێگەکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک و گرنگی پشکنینی زووەوە لە ڕێگەی پشکنینەوە، هاوکات فێرخوازان لە میانەى گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوڵاتیان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەنجامدانی پشکنینی بەشێوەیەکى بەردەوام، یارمەتی ژنان دەدات بۆ تێبینی کردنی هەر گۆڕانکارییەکی بینراو لە شێوە یان قەبارە لە مەمک، ڕونیشیان کردەوە دەرکەوتنى ئەم نیشانانە لە کاتی زوودا یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی هەڵسەنگاندنی پزیشکی خێرا، هەروەک بە شێوەیەکی بەرچاو ئەگەری سەرکەوتنی چارەسەر زیاتر دەکات.
لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەى فێرخوازان کرد بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و خزمەتکردنی کۆمەڵگە.